كێ بچێته په‌رله‌مان؟

پرۆسه‌ی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن له هه‌ر وڵاتێكدا، ئامرازێكی سه‌ره‌كییه بۆ ڕ‌ه‌نگدانه‌وه‌ی ویست و داواكارییه‌كانی جه‌ماوه‌ر له دامه‌زراوه‌ی یاساداناندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌موو خولێكی په‌رله‌مانی كوردستان و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانی عیراقیشدا ده‌بێته جێی سه‌رنج و تێڕ‌امانی قووڵ، دیارده‌ی كڕ‌ینی په‌رله‌مانتاران و گواستنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ری سیاسییه له حزبێكه‌وه بۆ حزبێكی دیكه، ئه‌م مامه‌ڵه پێكردنه به ده‌نگی هاووڵاتییان و بازرگانیكردن به متمانه‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه، زیانێكی گه‌وره به پرۆسه‌ی سیاسی و سه‌قامگیریی وڵات ده‌گه‌یه‌نێت و ته‌رازووی هێزی لایه‌نه‌كان به شێوه‌یه‌كی ناڕ‌ه‌وا ده‌ستكاری ده‌كات، بۆ ڕ‌ێگریكردن له‌م دیارده زیانبه‌خشه، پێویسته ئاوڕ له چه‌ند خاڵێكی جه‌وهه‌ری و بڕ‌یارده‌ر بدرێته‌وه:
1. حزبه‌كان كێ كاندید ده‌كه‌ن
به‌رپرسیارێتیی یه‌كه‌م له‌ئه‌ستۆی حزبه سیاسییه‌كاندایه، حزب نابێت ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای “ده‌نگهێنانی كاتی”، ناوبانگی تۆڕ‌ه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، یان په‌یوه‌ندیی عه‌شیره‌تی و كه‌سی كه‌سانێك كاندید بكات، پێویسته حزبه‌كان پرۆسه‌یه‌كی وردی پاڵاوتن (سیسته‌می فیلته‌ركردن) په‌یڕ‌ه‌و بكه‌ن بۆ ناسینی كاندیده‌كانیان، تا دڵنیاببنه‌وه له‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یخه‌نه پێشه‌وه خاوه‌نی ئایدۆلۆژیایه‌كی جێگیر، بڕ‌وای به‌رزی حزبی و ڕ‌ه‌وشتی كاری سیاسییه، نه‌ك كه‌سێك كه له یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه یان له‌به‌رامبه‌ر ئۆفه‌رێكی دارایی و پۆست‌دا سه‌نگه‌ری خۆی بگوێزێته‌وه.
2. به‌ڵێننامه‌ی شه‌ره‌ف پڕ‌بكه‌نه‌وه
جگه له ڕ‌ێكاره یاساییه‌كان، پێویسته حزبه‌كان ڕ‌ێكاری ئه‌خلاقی و سیاسی توند به‌رامبه‌ر كاندیده‌كان بگردرێته به‌ر، پڕ‌كردنه‌وه‌ی به‌ڵێننامه‌ی شه‌ڕ‌ه‌ف و ئه‌خلاقی سیاسی له‌لایه‌ن كاندیده‌كانه‌وه پێش چوونیان بۆ په‌رله‌مان، ده‌بێته پابه‌ندبوونی ڕ‌ه‌فتاری و ویژدانی، هه‌روه‌ها هۆشیاركردنه‌وه‌ی كاندیده‌كان له‌وه‌ی كه ده‌نگی په‌رله‌مانتاری موڵكی كه‌سیی خۆیان نین، به‌ڵكو ئامانه‌تی هه‌زاران هاووڵاتی و ئه‌و حزبه‌یه كه له‌سه‌ر سه‌نگه‌ری ئه‌و ده‌رچوون.
3. ده‌نگ به كێ ده‌ده‌ین ؟
ده‌نگده‌ر به‌شێكی سه‌ره‌كییه له‌م هاوكێشه‌یه‌دا، پێویسته كۆمه‌ڵگه له قۆناغی دروشم و هه‌ڵچوونی عاتیفی تێپه‌ڕ‌ێت و به هۆشیارییه‌وه ده‌نگ بدات، ده‌نگده‌ر ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه له ڕ‌ابردوو، ئاستی ڕ‌ۆشنبیری، مێژووی كاری سیاسی و سه‌قامگیریی هه‌ڵوێستی كاندیده‌كان بكات، ده‌نگدان به كه‌سانی هه‌لپه‌رست یان بێ‌مێژوو، ده‌رگا بۆ فرۆشتنی ده‌نگه‌كان واڵا ده‌كاته‌وه.
4. كێ شایه‌نی نوێنه‌ری خه‌ڵكه؟
په‌رله‌مانتاری ڕ‌استه‌قینه ئه‌و كه‌سه‌یه كه خاوه‌نی كاریگه‌ری، پرۆفێشناڵی، ویژدانی زۆربه‌رز و كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌رزه، نوێنه‌ری شایسته‌ی خه‌ڵك كه‌سێكه كه به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و نیشتمانی بخاته پێش به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆی و به هیچ جۆرێك مامه‌ڵه به متمانه‌ی هاووڵاتییانه‌وه نه‌كات، كه‌سێك بێت توانا و بوێریی داكۆكیكردنی له مافه‌كانی خه‌ڵك هه‌بێت و له‌به‌رامبه‌ر پاره و پۆست‌دا دانه‌نه‌وێت.
5. وه‌ك “خائین” ناویان تۆمار بكرێت
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی كه متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌كڕ‌ن و ده‌فڕ‌ۆشن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی هه‌ڵوێستی سیاسی‌یان ده‌گۆڕ‌ن، نه‌ك هه‌ر شایه‌نی سزادانی سیاسی و یاسایین، به‌ڵكو پێویسته ناویان وه‌ك “خائینی متمانه‌ی گه‌ل” له مێژوودا تۆمار بكرێت، چونكه له‌سه‌ر ئه‌و حزب و لیسته ئه‌و ده‌نگه‌ی هێناوه، بۆیه كاتێك غائین ده‌بێت به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌رانی پێویسته بكرێنه په‌ند بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له خوله‌كانی داهاتوودا بیر له بازرگانیكردن به ده‌نگی خه‌ڵك و خیانه‌تكردن له متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌نه‌وه.
بۆیه پاراستنی پیرۆزیی په‌رله‌مان و سه‌نگینی پرۆسه‌ی سیاسی، ئه‌ركێكی هاوبه‌شی حزبه‌كان، ده‌نگده‌ران و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه، هه‌تا ڕ‌ێگه له مامه‌ڵه‌كردن به ده‌نگی په‌رله‌مانتارانه‌وه بگیرێت و رێگه‌نه‌ده‌ن په‌رله‌مان ببێته مه‌زادی ده‌نگ و كڕین و فرۆشتنی پێوه بكرێت، به‌ڵكۆ ده‌بێت شوێنی ڕ‌استه‌قینه‌ی ڕ‌ه‌نگدانه‌وه‌ی ئیراده‌ی خه‌ڵك بێت.




