بنەماڵەی مەلا شڤان: دەبوایە مردنی هەڵبژاردایە نەوەک تەسلیمی پارتی ببێت

پووختەى هەواڵ
- چوونى بەشێک لە پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنى پەرلەمان کاردانەوەى لێکەوتەوە.
- بنەماڵەى مەلا شڤان پەرلەمانتارى نەوەى نوێ نیگەرانیان لە بەشدارییەکەى پیشاندا.
- گومان دەکرێت بەشێک لە پەرلەمانتاران لە ژێر هەڕەشە یان پارەدا برابنە پەرلەمان.
سەعید بەرۆشکی، باوکی شڤان سەعید بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، خێزانەکەیان بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری بەشداریکردنی کوبوونەوەی کوڕەکەیان نەبووە و ئەو هەنگاوە بەبێ ڕەزامەندی ئەوان بووە، برایەکیش دەڵێت دەبوو مردن هەڵبژێرێت.
سەعید بەرۆشکی باوکى مەلا شڤان:
- شەوی ڕابردوو زانیومانە شڤان چووەتە شاری هەولێر .
- دەستبەجێ کوڕەکانی دیکەم ڕاسپارد بۆ ئەوەی ڕێگریی لێبکەن.
- داوام لە کوڕەکانم کرد لە دهۆک یان لە خانووەکەی دەستبەسەری بکەن تاوەکو کۆبوونەوەکەی پەرلەمان کۆتایی پێدێت.
- بەڵام کاتێک چوونەتە شوێنی نیشتەجێبوونی لە ماڵەوە نەبووە.
- بەهۆی بەشداریکردنی کوڕەکەمان لە پەرلەمان وەک خێزانەکەمان زۆر نیگەران و بێتاقەت بووین.
ئەیهان سەعید براى مەلا شڤان:
- ئەوەى کردوویەتى تەسلیمبوونە بە ئیرادەى پارتى.
- سەربارى ئەوەى هەڕەشە و دەستبردن بۆ ژیانى تایبەتى هەبووە، دەبوو مەلا شڤان مردن هەڵبژێرێت نەک تەسلیمى ئیرادەى پارتى بێت.
- هەڵوێستەکەى شەرمەزارى دەکەین و بە هیچ جۆرێک لەگەڵیدا نین.
مەلا شڤان یەکێکبوو لە دەستگیرکراوانى بادینان کە لەلایەن پارتى دیموکراتى کوردستانەوە دەستگیرکران و دواتر لە هەڵبژاردنى پەرلەمان وەک پەرلەمانتارى خولى شەشەم هەڵبژێردرا.



