عەلى زەیدى پشکی کەرکووکی لە کارەبا و سووتەمەنی زیادکرد

پووختەی هەواڵەکە
- سەرۆکوەزیرانى عێراق پشکی کەرکووک لە کارەبا و سووتەمەنی زیاد کرد.
- زەیدی بڕیاریدا بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پارێزگارى کەرکووک.
- دۆسییەی نرخی کارەبای مۆلیدە ئاهلییەکانی کەرکووک دەدرێتە دەستەی دەستپاکی.
- نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاویکردەوە، عەلى زەیدى، سەرپەرشتى کۆبوونەوەیەکى کردووە، بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی گشتیی پارێزگای کەرکووک و دۆسییە ئیداری و خزمەتگوزاری و ئەمنییە پەیوەندیدارەکان و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە پارێزگاکەدا.
سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیاریدا:
- بە زیادکردنی پشکی پارێزگای کەرکووک لە وزەی کارەبا، بەجۆرێک کە پێداویستییەکانی هاوڵاتییان دابین بکات.
- لەگەڵ زیادکردنی پشکی تەرخانکراوی سووتەمەنی بۆ مۆلیدە ناحکومییەکان، بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی کارکردنیان.
- پەلەکردن لە یەکلاکردنەوەی دۆسییەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک و کۆتاییهێنان بە بۆشایی ئیداری، بەگوێرەى ڕێککەوتنەکانی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکە.
- فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان و دەزگا ئەمنییەکانی ڕاسپارد، بۆ گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان بەمەبەستی سەقامگیرکردنی ئاسایش و ئارامی.
- مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندانەکان بەگوێرەی دەستوور و یاسا و دەستەبەرکردنی پاراستنی خۆپیشاندەران و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت.
- بڕیاریشیدا بە ڕەوانەکردنی دۆسیەی نرخی مۆلیدە ئاهلییەکان بۆ دەستەی دەستپاکی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و وردبینی لە سەرپێچییە پەیوەندیدارەکان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست.
چەند ڕۆژێکە، دانیشتووانى 12 گەڕەکی شاری کەرکووک، دژی کەمیی کارەبای نیشتمانی و گرانی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و بەهۆى دروستبوونى گرژییەکانیشەوە، ژمارەیەک خۆپیشاندەر و کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان برینداربوون و سوپای عێراقیش لە بەشێکی شەقامەکانی کەرکووک بڵاوەی پێکرا.



