ژمارە دووی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاوكرایەوە

لایه‌نه‌كان زه‌نگی بایكۆت و نایاساییبوونی دانیشتی په‌رله‌مان لێده‌ده‌ن

لایەنێک لە پەرلەمانی کوردستان هەوڵی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەدات، بەڵام بەشێکی زۆر لە لایەنەکان بە هۆکاری نایاسایبوون، بەشداری دانیشتنەکە ناکەن و بایکۆتی کۆبوونەوەکە دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: تەنها ئیمزای 43 پەرلەمانتارمان بۆ هاتووە بە مەبەستی دانیشتنی پەرلەمان لە سبەینێدا.

فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوایان کرد، کە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە سبەینێدا ئەنجام بدرێت، هاوکات نووسراوێکیش بە ناوی سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە، کە گوایە داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کردووە، بەڵام ئەردەڵان محەمەد سەرسپی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو راگەیەندراوە نین، لەکاتێکدا تەنها  43 پەرلەمانتار داوای دانیشتنی پەرلەمانیان کردووە.

لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان-دا هاتووە، تا ئێستا رێژەی یاساییمان بۆ دانیشتنی ئەندامانی پەرلەمان، کە دەکاتە (1+50)، بە رەسمی بە دەست نەگەیشتووە.

فراکسیۆنی یەکێتی: بەشداری دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمان ناکەین

هەر لەوبارەیەوە ئازاد حەمە ئەمین ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، وەک فراکسیۆنی یەکێتی بە هیچ شێوەیەک بەشداری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان ناکەین.

راشیگەیاند: دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان پێویستی بە دانوستانی نێوان سەرجەم لایەنەکان هەیە و پێویستە کۆدەنگی لایەنەکانی لەسەر دروست ببێت، چونکە هیچ لایەنێک بە تەنها ناتوانێت بڕیار لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بدات.

کۆمەڵی دادگەری: نابینە بەشێک لە پەرلەمانێک کە پەکخرابێت


ئەمەش لەکاتێکدایە، محەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات، کۆبوونەوە و کاراکردنەوەی پەرلەمانی دیزاینکراو و پەکخراوی کوردستان پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و ئێمە لەسەر بڕیاری دروستی خۆمانین، کە بە هیچ شێوازێک نابینە بەشێک لە پەرلەمانێک کە لەسەر بنەمای دیزاینکردن و دەستکاریکردنی ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلەکەمان دامەزرابێت و پەکخرابێت. 

رەوتی هەڵوێست: بەشداری دانیشتنی پەرلەمان ناکەین

هەروەها، رەوتی هەڵوێست لەڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمانی کوردستانەوە ئاماژەی بەوەکرد، ڕەوتی هەڵوێست بەشداری دانیشتنی پەرلەمان ناکات بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، چونکە هەڵوێست لە سەرەتاوە بڕیاریداوە ئۆپۆزسیۆن بێت، ئەرکی ئۆپۆزسیۆنیش نییە دەستەی سەرۆکایەتی بۆ هێزێک یان دوو هێزی دەسەڵاتدار هەڵبژێرێت و دواتر ئەوان سەرۆکی هەرێم و حکومەت دیاری بکەن.

فراکسیۆنی یەکگرتوو: بەڕەسمی لە دانیشتنی سبەینێ ئاگادار نەکراوینەتەوە

هاوکات، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمانەوە دەڵێت: بۆ کۆبوونەوە بەڕەسمیی لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە و لە ڕاگەیەندنەکانەوە بیستوومانە، کە پەرلەمان بە نیازە کۆببێتەوە.

سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان: سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی سبەینێ ناکەم

پاشان، محەمەد سلێمان سەرۆکی تەمەن دەڵێت: سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمان ناکەم.

هێرۆ عەتا: دانیشتنەکەی سبەینێ نایاساییە

هەروەها، پەرلەمانتاری سەربەخۆ هێرۆ عەتا لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: رێکارەکانی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان نایاساییە، بۆیە بەشداری دانیشتنەکە ناکەم.

راشیگەیاند: تا ئێستا بەڕەسمیی لەلایەن دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بانگهێشت نەکراوین و هەر بڕیارێکیش بۆ دانیشتن لەلایەن سەرۆکایەتییەوە نەدرێت نایاساییە.

پەرلەمانی کوردستان کە لە 100 ئەندام پێکدێت، بەپێی یاسا پێویستە 50+1 واتە 51 پەرلەمانتار ئیمزا بکات بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان بەشێوەیەکی یاسایی ئەنجام بدرێت، بەڵام لەئێستادا تەنها 43 پەرلەمانتار داوای دانیشتنی پەرلەمانیان کردووە کە پێکدێن لە فراکسیۆنی پارتی و بەشێک پەرلەمانتارانی کریستیان و تورکمان، ئەو ژمارەیەش رێژەی یاسایی تەواو ناکات و دانیشتنەکە ئەگەر ئەنجامیش بدرێت بە نایاسایی دادەنرێت.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close