لیژنەی قایمقامییەتی کەرکووک و خاوەن موەلیدەکان گەیشتنە ڕێککەوتن
لیژنەی قایمقامییەتی پارێزگای کەرکووک ڕێککەوتنی لەگەڵ خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان ڕاگەیاند، کە تێیدا بڕیار دراوە گازی پاڵپشتیکراویان بۆ دابین بکرێت لە بەرانبەر دەستپێکردنەوەی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان.
چیرۆکی سەرەکی: قەیرانی کارەبای موەلیدەکان لە کەرکووک بەرەو چارەسەر دەچێت. دوای دوو ڕۆژ لە خۆپیشاندانی هاووڵاتییان و کوژاندنەوەی موەلیدەکان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە، ئیدارەی شارەکە توانیی ڕێککەوتنێک لەگەڵ نوێنەری خاوەن موەلیدەکاندا بکات بۆ پێدانی بەشەگازی حکومی و کۆتاییهێنان بە بێکارەبایی.
لێدوانی فەرمی: لیژنەی قایمقامییەتی پارێزگای کەرکووک لە ڕاگەیێنراوێکدا بڵاوی کردەوە:”ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک، بەڕێوەبەری کارەبای کەرکووک و نوێنەری خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان، ڕێککەوتن کرا بەشەگازی حکومی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ خاوەن موەلیدەکان دابین بکرێت و لە بەرانبەردا خاوەن موەلیدەکان بەڵێنیان دا کار بە موەلیدەکان بکەنەوە.
زانیاریی زیاتر: کێشەکە دوای ئەوە دروست بوو کە نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بە 13 هەزار دینار دیاری کرا، بەڵام خاوەن موەلیدەکان ڕەتیان کردەوە بەو نرخە کار بکەن و ڕایانگەیاند کە بەهۆی پێنەدانی گازی پاڵپشتیکراوەوە ئەو نرخە بۆ ئەوان کەمە و زەرەر دەکەن، بۆیە بڕیاری کوژاندنەوەی موەلیدەکانیان دا.




