لەبەرامبەر ناردنی نەوتی ماڵان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی سوپاسی وەزیری نەوت دەكات

ئەمڕۆ بەرواری 2ی تشرینی دووەمی 2026، هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەردانی باسم محەمەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عیراقی كرد .
لە دیدارەكەدا، دەستخۆشی و سوپاسی تایبەت ئاراستەی وەزیری نەوت كرد لەبەرامبەر ڕەزامەندیدانی بۆ ناردنی نەوتی سپیی ماڵان بۆ هەرێمی كوردستان .
ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات كە فراكسیۆنی یەكێتی پێشنیاز و ڕاسپاردەی پێویستی بەرزكردەوە بۆ بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كە لای خۆیەوە هاوكار بوو لە بەرزكردنەوەی ڕاسپاردەكان و بەدواداچوون و جەختكردنەوەی بەردەوام لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لێرەوە سوپاس و پێزانینی تایبەت ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمان دەكەین بۆ ئەو هەڵوێستە .
لەلایەكی ترەوە، سوپاس و پێزانینی زۆری خۆی ئاڕاستەی عەلی زەیدی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كرد كە ڕەزامەندی دەربڕی و ڕاسپاردەی پێویستی دایە وەزارەتی نەوت و ئەم ئەركەی لەم قۆناغەدا گرتە ئەستۆی خۆی. هاوكات سوپاسی بەڕێز وەزیری نەوتی كرد كە بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران و ڕاسپاردەكانی سەرۆكایەتی حكومەتی جێبەجێ كرد .
لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری نەوتی عیراق دووپاتی كردەوە كە وەك هاوكاری و پشتیوانییەك بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەم بڕە نەوتەیان ناردووە و لە هەوڵدا دەبن بۆ دابینكردن و ناردنی وەجبەی دیكەی نەوتی سپی و هەوڵەكانیان بەردەوام دەبێت .
پەیوەست بە بارودۆخی پارێزگای كەركوك و دوای ڕوودانی خۆپیشاندانەكانی دوێنێ شەو، وەزیری نەوت بەڵێنی دا كە كێشەی سووتەمەنی لە كەركووك چارەسەر بكات و ئاماژەی بەوە دا كە هەرچەندە پارێزگای كەركووك وەك شارەكانی دیكەی عیراق پشكی خۆی وەردەگرێت، بەڵام بەڵێنی دا بە تایبەتی كێشەی دابینكردنی گاز بۆ پارێزگاكە چارەسەر بكات ، لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی بەڕێزیان دەكەین بۆ بەدەمەوەهاتنی كێشەكانی هاووڵاتیان .




