سوپای توركیا دەکشێتەوە; كۆتایی بە بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی توركیا و ئێران لە عێراق دەهێنرێت

پووختەی هەواڵەکە
- سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق ڕایگەیاند ، سوپای توركیا تاوەکو كۆتایی ساڵ لە عێراق دەچێتە دەرەوە
- هومام حەموودی ڕاشیگەیاندووە، ئەمساڵ كۆتایی بە بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی توركیا و ئێران لە عێراق دەهێنرێت
- چوارچێوەی هەماهەنگی بەرپرسە لە دانانی دید و سیاسەت بۆ حکومەتەکەی عەلی زەیدی
- هومام حەموودی دەڵێت، لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و عەلی زەیدیدا هەیە
هومام حەموودی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق ڕایگەیاندووە، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵبژاردەی چوارچێوەی هەماهەنگییە و چوارچێوەکە بەرپرسیارە لەبەردەم خودا و گەل بۆ نەخشاندنی دیدی و سیاسەتەکان بەگوێرەی یاسا و دەستوور، حکومەتەکەی زەیدیش هەڵدەستێت بەجێبەجێکردنی.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق:
- لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و عەلی زەیدیدا هەیە.
- سەردانەکانی زەیدی بۆ دەرەوە ڕەنگدانەوەی ئاستی ڕێزگرتن و قبوڵکردنی عێراقە و پەیامێکە کە ئەو بەشێکە لە وڵاتانی عەرەبی و پەرۆشە لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەڵگریی ئەو دیدەیە کە بەشێکە لە پتەوکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.
- بەهۆی بوونی فرەلایەنی و قورسی گفتوگۆکان لە چوارچێوەکەدا، وایکردووە لیژنەی تایبەتمەند دروستبکرێت کە هەریەکەیان دۆسییەکی دیاریکراو بگرێتەدەست.
- ئەو لیژنەیە بەرپرسیارێتیی پێشکەشکردنی بیرۆکە و گفتوگۆکانی دەکات و چاودێریی جێبەجێکردنیشی دەکات.
- لە دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی ڕۆژی سەروەری، کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانان و ناتۆ و ڕێککەوتنە بۆ چوونە دەرەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاكی عێراق تاوەکو کۆتایی ساڵ.
- داماڵینی چەک و كۆتایهێنان بە بوونى گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا و ئێران لە عێراق و پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق.
قەرزی دەرەکی
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق باسی لەوەشکردووە، قەرزی دەرەکی پرسێکی هەستیارە، وڵات بە سیاسەتەکانی بانکی نێودەوڵەتی دەبەستێتەوە و لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ڕەتکراوەتەوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ڕێگەی پێنادات.



