ژمارە دووی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاوكرایەوە

سبەینێ یەک شەممە پەردە لەسەر پەیكەری شەهید و شاعیر مەلا عەلی لادەدرێت

سبەینێ یەک شەممە پەردە لەسەر پەیكەری شەهید و شاعیر مەلا عەلی لادەدرێت
پەیكەرەكەلەسەر ئەركی بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر ی سلێمانی
بەشی هونەری شێوەكاری جێ بەجێ كراوە ، پەیكەرساز و هونەرمەند كاك چێنەر نزار دروستی كردووە
ڕۆژی یەك شەمە 1/11/2026
كاتژمێر : 3 پاش نیوەڕۆ
شوێن : شەقامی سالم – باخی گشتی

بەشێك لەزانیاریەكان لەسەر شەهید مەلا عەلی

مەلاعەلی ئەو قارەمانەی بەئازایەتی و هۆنراوەکانی کەبونە هەوێنی سەرزاری هەموکوردێک هەمیشە لەیادی تاک بەتاکی کوردا دەمێنێتەوە

کورتەیەک لەژیانی شەهید
حسێن مەولود ناسراو بە شەهید مەلا عەلی

ساڵی 1953 منداڵێکی دووانە بەناوی :ئەحمەد و حسێن لە خێزانێکی جوتیارو هەژاری گوندی بەربەردی ناحیەی ماوەتی سەر بەقەزای شارباژێڕ لە دنیایەکی بچوک، هاتنە ناو دنیایەکی فراوانتر، ناوی تەواوی حسێن مەولود ئەحمەد خدر حسێنە ناسراو بە مەلا عەلی.

ساڵی 1958 لەدەست چەوساندنەوەی چینایەتی و دەرەبەگی چونەتە گوندی کۆکەی ناحیەی سورداشی ئەوکات.

ساڵی 1959-1960 لە خوێندنگەی سەرەتایی چەرمەگا ناونوسکراوە، ساڵی 1962-1963 دوای سوتانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە پۆلەکانی سەرەتایی لە سەرچنارو ماوەت و چەرمەگا تەواوکردوە.

ساڵی 1966-1967 چوەتە خوێندنگەی ناوەندی الوطن لە سلێمانی و هەر لەو ساڵەدا چوەتە ریزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان.

ساڵی 1972-1972 چوەتە خوێندنگەی ئامادەیی سلێمانی، بەشی ئەدەبی، هەر لەو ساڵەشدا بەهۆی زنجیرەی رۆشنبیرییەوە لەڕیزی کۆمەڵەدا رێکخراوەو گەشەکردنی خێرای پێوە دیاربوە.

ساڵی 1974 چوەتە ناوچەی سورداش و هەر لەوێ کراوە بە لێپرسراوی رێکخراوی تۆڵە، لەپاییزی هەمان ساڵدا چوەتەوە سلێمانی و پۆلی شەشەمی ئامادەیی تەواوکردوە.

ساڵی 1975-1976 چوەتە زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی ئاداب بەشی کوردی و تا قۆناغی دوەمی خوێندوە، ئیتر کە فەرمانی گرتنی لەلایەن رژێمی بەعسی روخاوەوە بۆ دەردەچێ بەردەستیان ناکەوێت و رۆژی 11-5-1977 خۆی گەیاندوەتە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

رۆژی 30-1-1979 لە کاتێکدا بۆ کارێکی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ هاوڕێی (د.مارف) عوسمان عەبدولڕەحمان عەسکەری دەچێت بۆ گوندەکانی ناوچەی سورداش لە گوندی کرژە دووژمن پێیان دەزانێت و بەهێرشێکی بەهێزەوە گەمارۆ دەدرێن، پاش بەرگرییەکی توند بریندار دەکرێ و بەبرینداری لەگەڵ هاوڕێی ناوبراودا دەستگیر دەکرێن.

لەدوای گرتن و ئەشکەنجەدان و ئازاردانێکی زۆر لە زیندان و دەزگا دڕندەو سیخوڕەکانی رژێمی سەدامدا شێرانە دان بەخۆیدا دەگرێت و مەردانە سەریان بۆ دانانەوێنێت، لە رۆژی 06-06-1979 لەو قەسابخانەیەی ناوی دادگای هیئەی خاصەی کەرکوکیان لێنابوو بەشێوەیەکی سەرپێی دادگای دەکرێت و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت.

لەدوای دەرچونی فەرمانی لەسێدارەدانیەوە تا رۆژی جێبەجێکردنی خنکاندنەکەی کە تەنیا مانگ و نیوێکی خایاندوە شەوی 22-23-07-1979 لە قەسابخانەکەی موسڵ لەگەڵ دوو هاوڕێی تری کە ناویان ئەڵوەند عومەر حسێنو عەلی عالی حسێنە لە سێدارە دەدرێن و وەکو چەندین تێکۆشەری دیکەی کورد تەرمەکانیان نەکەوتوەتە دەست کەس و کاریان و لەوێ نێژراون لە وادی عطال.

هاتەوە یادم

هاتەوە یادم شەوێکی قەندیل
هێنایە گریان دڵەی مات و دیل..
ئەو دەستەی لەوێ بەفراو ئەیتەزاند
لێرە سوتاوە بەئاگرو ژیل

بەدەم رێگاوە بەنوکتەبازی
پیشانمان ئەدا وەزعی ناڕازی
نەمان ئەزانی چۆن ئەبڕێت وازوو
رێی دووری بەرەو لوتکەو هەورازی

سەرماو هەورازی قەندیل پیرۆزبێ
هەموو ئومێدتان هەر بەنەورۆز بێ
فەرامۆش ئەبێت ئەوکاتە هەرچی
رۆژێکی ئێستا سەخت و ئاڵۆزبێ

قەندیل کوێستانی دڵگیری وڵات
هەتاکو ئاب داڵدەتان ئەدات
ئیتر دەواری داڵدە نامێنێ
تارای زیوینی نوێ ئەکرێ خەڵات

دوایش جریوەو بەفراوی بەهار
ئەسڕێ لەدڵان خەمی رۆژگار
ئەدرێ لەبەریا بەرگی وەرزی کۆن
ئەیگۆڕێتەوە بەشاڵی گوڵدار

چەندەش ماندووبن ئەحەسێنەوە
مادام بەئازاد سەر ئەنێنەوە
مادام بەویست و ئارەزووی خۆتان
دەستان بەچەکی تۆڵە ستێنەوە

خۆزگە منیش لەوێ مابایەم
چەکەکەم بەس بوو لەجێی سەرمایەم
رانابرێ تەمەن لەگەرمەسێرە
چونکە پەروەردەی ئەوجێ سەرمایەم

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close