بافڵ جەلال تاڵەبانی: ناوچەکە لەبەردەم هەڕەشەدایە و دەرفەتی گەورەش بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیداری مێری ڕایگەیاند، ناوچەکە لەبەردەم هەڕەشەدایە و دەرفەتی گەورەش بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە.
لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ساڵانەی مێری ، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پانێڵێکی تایبەتدا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە گوتارەکەیدا هۆشداریی دا لەو ئاڵۆزییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن و ڕایگەیاند، کە ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیی گەورەدایە. ئاماژەی بەوەش کرد، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە ناسەقامگیرە، پێویستە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و هەنگاوی کرداری بنێن، چونکە بە گوتەی ئەو “دەبێت ئێمەش لە ناوخۆی خۆماندا ڕێککەوتن بکەین بۆ پاراستنی قەوارەکەمان”.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و بارودۆخی ناوخۆی پایتەختی عێراق، سەرۆکی یەکێتی ڕاشکاوانە باسی لەوە کرد کە دۆخی بەغداد خراپە و پێویستی بە چاوخشاندنەوە و چارەسەری ڕیشەیی هەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەم تەنگژە و ئاڵۆزییانە، لە ئێستادا هەلێکی گەورە بۆ کوردەکان لە ئارادایە کە دەکرێت لە ڕێگەی یەکدەنگی و داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەشەوە سوودی لێ ببینرێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا لەبارەی هاوکێشە هەرێمایەتییەکان و پرسی کورد لە وڵاتانی دراوسێ، بافڵ تاڵەبانی گەشبینی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند ،کە لە ئێستادا دەرفەتێکی باشی ئاشتی بۆ کوردان لە ئێران دەبینێت، کە ئەمەش دەتوانێت دەرگای نوێ بەڕووی سەقامگیری و چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا بکاتەوە.



