وانەکانی زمانی کوردی لە 938 قوتابخانە لە سوریا دەخوێندرێن
خوێندنی وانەکانی زمانی کوردی لە سوریا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی سوریاش لیستی 938 قوتابخانەی بۆ فێرکردنی زمانی کوردی راگەیاند.
وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی سوریا، لیستی بەرایی 938 قوتابخانەی بۆ فێرکردنی زمانی کوردی لە چوار پارێزگاری سوریا پەسەند کرد، کە 608 قوتابخانە لە حەسەکە، 308 قوتابخانە لە حەلەب، 17 قوتابخانە لە دیمەشق، 5 قوتابخانە لە حەما.
قوتابخانەکانی دیمەشق لە نێوان قەزای ڕوکن ئەلدین و دومەر دابەشکراون، کە قۆناغەکانی خوێندن لە سەرەتاییەوە تا ناوەندی لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا لیستی قوتابخانەکانی حەما بریتین لە جریجیس، ئەلسەودا، خربەت ئەلجامیع، عوسمان بن عەفان، فاتیمە بنت ئەسعەد.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی مەرسومی کۆماریی ژمارە 13ی ساڵی 2026، هاووڵاتییانی کوردی سوریا بەشێکی بنەڕەتی و ڕەسەنی گەلی سوریان، هەروەها زمانی کوردی زمانێکی نیشتمانییە و ڕێگە دەدرێت لەقوتابخانە حکومی و ناحكومییەكاندا لەو ناوچانەی کە کورد ڕێژەیەکی بەرچاوی دانیشتوان پێکدەهێنێت، وەک بەشێک لەپڕۆگرامەكان كلتوری فێرکاری بخوێندرێت.




