عەلی زەیدی: هیچ جۆرە چاوپۆشی و سازشێک لەگەڵ گەندەڵکاران ناکرێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی چاکسازیی دارایی و ئیداری دەکاتەوە و دەڵێت، لە شەڕی دژ بە گەندەڵیدا هیچ جۆرە چاوپۆشی و سازشێک بۆ کەس نییە.
چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ دووشەممە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جیا پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی هاوپەیمانیی “ئەبشیر یا عێراق” و هاوپەیمانیی “خەدەمات” کرد.
ڕاگەیەنراوی فەرمی: نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەی یەکەمدا لەگەڵ عەلی حاتەم حەسناوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەبشیر یا عێراق، زەیدی ڕایگەیاند، حکومەت بەردەوامە لە بنبڕکردنی گەندەڵی و داوای لە پەرلەمانتاران کرد ڕۆڵی چاودێریی خۆیان بە تەواوی بگێڕن بۆ پاڵپشتیی چاکسازییەکان.
٠ سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و وتی: “حکومەت بودجەی پێویستی بۆ ئەو پرۆژە ستراتیژییانە تەرخان کردووە کە ڕێژەی جێبەجێکردنیان 80%ـی تێپەڕاندووە، هەروەها تەرخانکراوە داراییەکان بۆ دابینکردنی شایستەی دارایی جووتیاران زیاد دەکرێن.
زانیاریی زیاتر: لە کۆبوونەوەی دووەمدا لەگەڵ محەممەد ساحیب دەڕاجی، سەرۆکی دەستەی سیاسیی هاوپەیمانیی خەدەمات، عەلی زەیدی جەختی لە چاکسازیی ئابووری و چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا کردەوە. ئاشکراشی کرد کە کار بۆ ڕێکخستنەوەی هێزی کاری بیانی دەکەن، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە دەرفەتی کاری زیاتر بۆ گەنجان و دەستی کاری ناوخۆیی فەراهەم بکرێت.
لای خۆیانەوە، سەرۆک و ئەندامانی هەردوو هاوپەیمانییەکە پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران لە بواری چاکسازیی دارایی، گەشەپێدان و شەڕی دژ بە گەندەڵی دووپات کردەوە و بەڵێنیاندا هاوکاری حکومەت بن بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی دەکەن




