گۆڕانكاری لە مووچە و پلەبەرزكردنەوە، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە

لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكانی حكومەتی فیدراڵ بۆ ئامادەكردن و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2027، خشتەیەكی تایبەت بە گۆڕانكاری لە مووچەی فەرمانبەران و پلەبەرزكردنەوەی تێدایە، بەپێی لێدوانی ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش «هەر گۆڕانكارییەك لە پرسە داراییەكانی عیراق، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە».
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەوپێیەی ئێستا مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە خەرجدەكرێت، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك لە پرسە داراییەكانی تایبەت بە مووچەخۆران، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، وتیشی: ئێستا حكومەتی فیدراڵ سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ە، بڕیارە لەو پرۆژەیەدا چەندین گۆڕانكاری لە پرسی مووچە و پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندن بكرێت، پێشتریش هەرێمی كوردستان پێشنیاز و داواكارییەكانی خۆی لەچوارچێوەی پرۆژەیاسای بودجەی داهاتوو بۆ بەغدا ناردووە، بۆیە بڕیارەكان سەرجەم مووچەخۆرانی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەگرێتەوە، راشیگەیاند: بۆ ئەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا بچەسپێت، پێویستە وەفدی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەردەوام لە بەغدا ئامادەبێت و لەسەر ئاستی سیاسی و دارایی و یاسایی لەگەڵ حكومەت و لایەنە سیاسییەكاندا گفتوگۆ بكات و بەهەماهەنگیی لەگەڵ پەرلەمانتارانی كورد جەخت لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: هەوڵەكانمان بۆ جێگیركردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا ئیمزامان كۆكردووەتەوە و ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵمان كردووە، بە ئامانجی بڕیاردان لەسەر بەهەمیشەییكردنی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان و جێگیركردنیان لەسەر بودجەی فیدراڵی، ئاماژەی بەوەشدا كە گفتوگۆی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بەردەوامە لەبارەی بەهەمیشەییكردنی گرێبەستەكان، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، دابینكردنی بەردەوامی بودجە و مووچە، بەكارخستنەوە و رێكخستنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان، وتیشی: هەردوولا گەیشتوونەتە رێككەوتن لەبارەی پرسی داهاتە نانەوتییەكان و رێكخستنی گومرگەكان.



