وەزیری نەوت: قەیرانی بەنزین کاتییە و بەمزووانە چارەسەری دەکەین

وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە پەککەوتنی جوڵەی گواستنەوە و کۆتاییهێنان بە قەرەباڵغی وێستگەکان، تەواوی تواناکانی خستووەتە گەڕ تاوەکو بەمزووانە بڕی پێویستی بەنزین بگەیەنێتە پارێزگاکان و نیگەرانیی هاونیشتمانییان بڕەوێنێتەوە.
هەڵوێستی وەزارەتی نەوتی عێراق:
- باسم محەممەد خزەیڕ، وەزیرى نەوتی عێراق ڕایگەیاند، شانەی قەیرانەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەستبوونی بەرهەمە نەوتییەکان کۆبووەتەوە.
- ئاماژەی بەوەشکردووە کە وەزارەتەکەیان بە درێژایی 24 کاتژمێر کار دەکات تاوەکو پێداویستییەکانی هاونیشتمانییان دابین بکات.
- وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە بڕی زیاتری بەنزین لە ڕێگادایە و دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی دابینکردنی سووتەمەنی لە تەواوی پارێزگاکاندا.
ئامارەکانی بەکارهێنان و دۆخی وێستگەکان:
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوت، ناوەندی بەکارهێنانی ڕۆژانەی بەنزین لە عێراق 33,000,000 لیترە، بەڵام بەهۆی ترسی هاونیشتمانییان و نیگەرانی لە نەبوونی سووتەمەنی، ئاستی خواست بۆ 38,000,000 لیتر بەرزبووەتەوە. ئەم هەوڵانەی وەزارەت دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم وێستگەکانی سووتەمەنی دروستبووە و هاونیشتمانییان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە سڕەی وەرگرتنی بەنزیندا دەوەستن.



