سەرۆككۆمار: كتێب لە پڕۆژە شارستانییەكەی بەغداد-دا رۆڵی گرنگی هەبێت
نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، بە یاوەری وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار و وەزیری ژینگە، سەردانی بیست و حەوتەمین پیشەنگای نێودەوڵەتیی كتێبی بەغدادی كرد و لە نوێترین بڵاوكراوەكانی دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی عیراقی و عەرەبی و نێودەوڵەتی روانی و ئەو ناونیشان و بەرهەمانەی لە نزیكەوە بینی كە لە بواری فكر و ئەكادیمییە جیاوازەكاندا پێشكەشی دەكەن.
لە میانی گفتوگۆكانیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە دەزگاكانی بڵاوكردنەوە و بەشداربووانی پێشانگاكە، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە كە پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی بەغداد درێژكراوەی كەلەپور و كەلتور و شارستانی بەغدادە، وەك پایتەختی زانست و كەلتوور و فیكر.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەغداد شایەنی ئەوەیە پێگەی خۆی وەك چرایەكی زانست و رۆشنبیری وەربگرێتەوە، هەروەها كتێب ناوەندی پڕۆژە ڕۆشنبیرییە نوێیەكەی بێت و جەختیشیكردەوە كە ڕێنێسانسی عیراق لە بنیاتنانی گەلەكەیەوە دەست پێدەكات، كتێبیش یەكێكە لە ئامرازەكانی ئەم پەرەسەندنە.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەدا كە پێشانگاكانی كتێب سەكۆیەكی گرنگن بۆ ئاڵوگۆڕی فیكری نێوان گەلان ، كە ڕەنگدانەوەی ئاستی پێشكەوتن و گەشەسەندنیان دەردەخات و هەروەها ڕۆڵی ئەوان لە پێشخستنی ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین نیشان دەدات. هاوكات ستایشی ئەو هەوڵانەی كرد بۆ سەرخستنی ئەم چالاكییە ڕۆشنبیرییە كراوە، كە ڕۆڵی كتێب دەردەخات لە بنیاتنانی كۆمەڵ و داڕشتنی داهاتوودا




