وەبەرهێنان لە زیرەکیی دەستکرد دا

راگەیاندنی یەکەم پڕۆژەی زیرەکیی دەستکردی ناوخۆیی لە میسر بە ناوی «کەرنەک چات»، وەرچەرخانە لە ناوچەکەدا. ئەم پلاتفۆرمە کە لەلایەن وەزارەتی گەیاندن و تەکنۆلۆژیای زانیاریی میسرییەوە دامەزرێنراوە و لە کۆتایی مانگی ئابی رابردووەوە بە شێوەی ئەزموونیی کەوتووەتە کار، پشت بە مێگاداتای ناوخۆیی دەبەستێت و بە شێوەزاری میسری دەدوێت.
ئەم هەنگاوەی میسر تەنها دەستکەوتێکی تەکنۆلۆژی نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە وڵاتان جیا لە پلاتفۆرم و مۆدێلە جیهانییەکان، دەستیان کردووە بە دروستکردنی نموونەی زیرەکیی دەستکرد لەسەر ئاستی ناوچەیی و بەپێی تایبەتمەندییە کەلتوری و زمانەوانییەکانی خۆیان.
ئەم پێشهاتە راستەوخۆ بەردی بناغەی پرسیارێکی جددی و چارهنووسسازە ئەویش: کەی لە کوردستان هەنگاوێکی هاوشێوە دەنرێت؟ کەی حکومەت و دامەزراوە رەسمییەکان بیر لە دروستکردنی مێگاداتایەکی نیشتمانی، یان مۆدێلێکی ناوخۆیی ئەی ئای دەکەنەوە؟ کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان کەی وەک دەرفەتێکی بزنس و وەبەرهێنانی ستراتیژی تەماشای ئەم پرسە دەکەن و هەنگاوی کرداریی بۆ دەنێن؟
ئەم پرسیارانە لە کاتێکدا دەبنە جێی بایەخی جددی، کە دەبینین سیستمە جیهانییەکانی زیرەکیی دەستکرد زۆر لاواز و هەژارن بەرامبەر بە زمان و کەلتوری کوردی. ئەم دەستەپاچەییەی مۆدێلە جیهانییەکان لە کاتێکدایە کە زمانی کوردی خاوەنی جۆراجۆریی شێوەزارەکان، تایبەتمەندییە ئاڵۆزەکانی رێزمان، فرەیی کەلتوری و جوگرافیایە لە پارچەکانی کوردستاندا. جگە لەوەی هۆکارە سیاسی و ئابوورییەکان هەمیشە وایان کردووە زمانی کوردی لە ناو کایە تەکنۆلۆژییە جیهانییەکاندا پەراوێز بخرێت، ئەمەش مەترسییەکی راستەوخۆ لەسەر ناسنامە و ئاسایشی نەتەوەیی و رووناکبیریمان دروست دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا، لە کۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵدا، وەک هەوڵێکی تاکەکەسی لەگەڵ دوو کۆمپانیای گەورەی ناوخۆیی چوومە ناو گفتوگۆوە. ئامانج لەم هەوڵە ئەوە بوو کە بیانهێنمە سەر ئەو رایەی کە دروستکردنی پلاتفۆرمێکی زیرەکیی دەستکرد بە زمانی کوردی، دەتوانێت لە مەودایەکی دیاریکراودا بچێتە قۆناغی قازانجی ئابووری، یاخود لانیکەم مایە و تێچووی دارایی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.
لێ بەداخەوە، بە کردار دەرکەوت کە پرسەکە لە سنووری تێگەیشتن و بیرکردنەوەی یەک یان دوو کۆمپانیا گەورەترە. دروستکردنی ژێرخانی زیرەکیی دەستکردی کوردی پێویستی بە هەوڵێکی نیشتمانیی زۆر فراوانتر هەیە. لە هەنگاوی یەکەمدا، ئەم پرسە پێویستی بە دروستکردنی تێگەیشتنێکی بەرفراوان و هۆشیارییەکی قووڵ هەیە لەسەر هەردوو ئاستی رەسمیی دەوڵەتداری و ئاستی بزنس و کەرتی تایبەت.
پێویستە ئاڕاستەیەکی روون دروست ببێت کە چۆن دەکرێت پڕۆژەیەکی گەورەی نیشتمانی لە بواری زیرەکیی دەستکرد بە کوردی دەست پێبکەین، تەنانەت ئەگەر لە رۆژگارەکانی سەرەتادا بە قەبارەیەکی بچووک و سەرەتاییش دەست پێبکات.
لەم ساتەدا، دیارە گەیشتن بە بڕوایەکی لەو جۆرە هێشتا دوورە و وەک خەونێکی دواخراو دەبینرێت؛ بە تایبەتی کە هێشتا تێگەیشتنی تەواوەتی و هۆشیاریی تەکنۆلۆژی لە لای بڕیاردەران دروست نەبووە لەسەر پێویستیی پڕۆژەیەکی لەو جۆرە. بۆ هێنانەدی ئەم خەونە، پێویستە پێش هەموو ئامادەکارییەکی تەکنیکی، بیرکردنەوە و تێگەیشتنە تەسک و سنووردارەکان تێپەڕێندرێن و جیهانبینییەکی نوێ بۆ ئایندەی دیجیتاڵیی کوردستان دابڕێژرێت.



