باخ و ڤێللاكانی سیتەک، لەنێوان بڕیاری حكومەت و نیگەرانیی خاوەنەكانیاندا

لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق و رووخانی رژێمی بەعس و پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی عیراق و تەرخانكردنی رێژەی ٪17ی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان، بووە هۆی زۆربوونی پارە و بووژانەوەی بازاڕ و كار و كەسابەت، هەر ئەم هۆیەش بووە هۆی داگیركردن و دەستبەسەراگرتنی زەوی موڵكی گشتی و حكومی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا، بەشێوەیەكی نا رێكوپێك و نا شارستانی دەستكرا بە دروستكردنی باخ و ڤێللا و هەڵكەندنی بیر و دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی، بەبێ رەچاوكردنی لایەنی جیۆلۆجی و تۆبۆگرافی و ئەندازەیی، هەروەها دەستكرا بە دروستكردنی خانوو، كەپر و ڤێللا و سیاجكردنی زەوییەكان، زۆربەی زۆری ئەم زەوییانە موڵكی گشتی و حكومەتن، هەندێك لەم زەوییانە خاوەندارێتییان بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ دەگەڕێتەوە، هەندێكی تریان بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و هەشیانە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە.
دادگاییکردنی خاوەن باخەکان
ئێستا حكومەتی هەرێم دەستیكردووە بە لێپرسینەوە و وەرگرتنەوەی ئەم زەوییانە، سەرەتا لە ناحیەی سیتەكەوە دەستیپێكردووە وەك ئەزموونێك، ئەگەر پلانەكە سەركەوتوو بوو، گشتگیری دەكەن بەسەر ناوچەكانی دیکەشدا، بۆ ئەم مەبەستە ماوەی چەند ساڵێكە هەركەسێك باخی دروستكردبێت، یان كڕیبێتی یان فرۆشتبێتی، دادگایی دەكرێت لە دادگای شارباژێڕ، هەر كەسێك تاکو رێکەوتی 31/12/2017 باخی دروستكردبێت، یان كڕیبێتی یان فرۆشتبێتی بەر لێخۆشبوونی بڕیاری حكومەتی هەرێم دەكەوێت، بەڵام دادگایی هەر دەكرێت و بە سزایەکی دارایی كەم رزگاری دەبێت، بە مەرجێك دووبارەی نەكاتەوە، بەڵام هەر كەسێك لەدوای ئەو رێکەوتەوە باخی دروستكردبێت، یان كڕیبێتی یان فرۆشتبێتی لێخۆشبوون نایگرێتەوە، دادگایی دەكرێت و بڕیاری ژمارە (548)ی یاسای عیراقی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت، بەپێی ناوەرۆكی ئەم یاسایە داگیركردن و دەستبەسەراگرتنی موڵكی حكومەت و دەستكاریكردنی كەتنە، واتە جەریمەیە و سزای لە ساڵێكەوە تا پێنج ساڵ زیندانی دەیگرێتەوە، بەڵام لە كوردستان حوكمی زیندانییەكە جێبەجێ ناكرێت، واتە كەس ناگیرێ و بە سزای دارایی رزگاری دەبێت بە مەرجێك دووبارەی نەكاتەوە، لە حاڵەتی دووبارەكردنەوەیدا حوكمەكەی قورستر دەبێت و ئەمەی ئێستاشی بۆ زیندوو دەبێتەوە، واتە تا سێ ساڵی دیکە نابێت هیچ جۆرە تاوانێك بکات، جێبەجێ نەكردنی حوكمەكەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە ژمارەیەكی زۆر باخ دروستكراوە هەر لە زاخۆوە تا خانەقین.
مافی تانەدان
بۆ نموونە دەڵێن هەر لە سنووری ناحیەی سیتەك نزیكەی (23) هەزار باخ دروستكراوە، هەر باخێكیش چەند جارێك فرۆشراوە و كڕدراوە، لەبەرئەوە ئەگەر یاساكە جێبەجێ بكرێت هەر بە تەنیا لە سنووری ناحیەی سیتەك نزیكەی (50) هەزار كەس دەبێت بگیرێت، بێجگە لە شوێنەكانی دیکە، ئەوەش ژمارەیەكی زۆرە و لەكوێ زیندانی بكرێن و بەخێو بكرێن!
ئەوەی مەبەستی بەندەیە لە نووسینی ئەم وتارەدا وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەیە لەلایەن حكومەت و دەسەڵاتدارانەوە، بۆچی حكومەت و كاربەدەستانی هەرێم لە سەرەتاوە رێگر نەبوون لەم دیاردەیە؟ بۆچی كەشف و فایلیان بە خاوەن باخ و ڤێللاكان دروستكرد و پێیان وتن بۆتان تاپۆ دەكرێت؟ بۆچی بە رەسمی رێگەیان بە خەڵكدا بیر هەڵبكەنێت؟ بۆچی بە رەسمی رێگەیان بە خەڵكدا كارەبای رەسمی و حكومی رابكێشێ؟
لە تازەترین بڕیاریشدا شارەوانی سیتەك داوا لە خاوەنی سەرجەم باخ و ڤێللاكان دەكات كە دەكەونە ماستەرپلانی ناحیەی سیتەكەوە هەر لە تونێلی پێشڕەوەوە تاکو سەیتەرەی قەڵاچوالان، لە رێکەوتی 23/8/2026ەوە بۆ ماوەی دوو مانگ سەردانی فەرمانگەی كشتوكاڵی سیتەك بكەن بە مەبەستی تانە و ناڕەزایی دەربڕین دەربارەی باخەكەی، ئەگەر بەپێی ماستەر پلانەكە باخەكەی بەر جادە بكەوێت، یان دیزاین كرابێت بۆ خزمەتگوزارییەك، بۆ نموونە بۆ دروستكردنی خوێندنگەیەك یان نەخۆشخانەیەك یان فولكەیەك….هتد، هەر كەسێك نەچێت بە دەنگ ئەم بانگەوازەوە، لە دوای تەواوبوونی رێکەوتەکە مافی تانەدانی نامێنێت.
پێشنیاز و چارەسەر
ماستەر پلانەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، قۆناغی یەكەم (1650) باخ دەگرێتەوە، لە تونێلی پێشڕەوەوە بۆ فولكەكەی سیتەك، قۆناغی دووەم لە فولكەی سەیتەرەكەی سیتەكەوە بۆ سەیتەرەكەی قەڵاچوالان، قۆناغی سێیەم لە دووڕیانی بازەگیرەوە بۆ بناری چیای ئەزمڕ.
پێویستە لێرەدا ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بدەم، بۆئەوەی ئەم كێشەیە نەبێتە قەیرانێکی گەورە، پێویستە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان رەچاوی ئەوە بكەن كە خەڵك مەسرەفی زۆری كردووە و شتێكی جوان و شارستانی كردووە و ناوچەكەی سەوز كردووە و دار و درەختی زۆری روواندووە و ژینگەی ناوچەكەی سەوز و جوان كردووە، كارێك بكەن نە (شیش بسووتێ و نە کەباب) وەك پێشنیازێكیش بۆ حكومەتی هەرێم، لەپێناو چارەسەركردنی ئەم كێشە گەورەیە كە سەرتاسەری كوردستانی گرتووەتەوە، دەتوانێت ئەم زەوییانەی كە كراون بە باخ و ڤێللا پێیان بفرۆشێتەوە بە نرخێكی گونجاو بە رەچاوكردنی بارودۆخی خراپی دارایی ئەمڕۆ لە لایەك و لەلایەكی تریشەوە نرخی باخەكە بەپێی شوێنەكانی نرخی بۆ دابنرێت، واتە نرخی شار جیاوازبێت لە قەزا، ناحیە و دواتریش گوندەكان، یان حكومەت ساڵانە کرێ لە خاوەن باخەکان وەربگرێت بۆ ماوەی 15 ساڵ، دۆنمی بە نرخێكی گونجاو دیاری بكرێت بە جیاوازی شوێنی باخەكە و رووبەرەكەی، بۆ هەردوو پێشنیازەكە ئەگەر جێبەجێ بكرێت، دەبێت حكومەت باخەكان لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ بكات، شایانی باسە ئەم دوو پێشنیازە لە رابردوودا لەلایەن حكومەتەوە پێشنیاز كرابوو، نازانم بۆچی جێبەجێ نەكرا و بەهیوای چارەسەرێكی گونجاو بۆ هەموو لایەك.



