ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

رۆڵی کادرانی ژن، لە پرۆسەی سیاسی لە ناوچە دابڕاوەکاندا

لە سەرەتای بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ژنان رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان هەبووە لەنێو کایەی کاری رێکخراوەیی و سیاسیدا بۆ دروستکردن و پەرەپێدانی ئەو بزووتنەوانە، زۆرێک لەو ژنانە بە وزە و دڵسۆزی و لێهاتوویی و ئەزموونی خۆیان ئیشوکار و ئەرکی گرنگیان بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لەو ناوەندانەدا گێڕاوە، بەتایبەتی لەکاتی رووخانی رژێمی بەعسدا گۆڕەپانەکە پێویستی بە ئارامیی و سەقامگیری و کاری رێکخستن و رێکخراوەیی خۆبەخشانە بووە، ژنانی کادر بەرپرسیارێتی گەورەیان لەسەرشان بووە و رۆڵی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و ژنان لەڕووی سیاسی و کاری رێکخستن و رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی  لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ خەڵکدا توند و پوخت کردووە و لە قۆناغە سەخت و دژوار و جیاوازەکاندا خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانییان درێژەپێداوە. 
هەربۆیە لەناوچە دابڕاوەکانی پارێزگای دیالە و خانەقین هەر کادرە ژنەکان بوون، توانیان بەشێکی گرنگ لە کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و رێکخراوەیی بگرنە ئەستۆ و سەلماندیان کە لە توانایاندا هەیە، خاوەن بڕیار بن و ئەرکی بەڕێوەبردن و بەرپرسیارێتی ئەنجام بدەن، بۆئەوەش پەیوەندییەکی تۆکمە و باشیان لەگەڵ چین و توێژەکانی جەماوەر دروستکردووە و لە نزیکەوە کێشە و گرفتی خەڵکیان چارەسەر کردووە، بۆ بەها و نرخی ژن بە وشەی بریقەدار و پۆستی رەمزی مەیسەر نابێت، بەڵکو بەهای راستەقینە لەوەدایە بە گوفتار و کردار و کردەوە بسەلمێندرێت، لێهاتووییش بە بڕوانامە پێوانە ناکرێت، چونکە دەبێت ئاستی فیکر و خەبات رەچاو بکرێت و کردەوە و ئەرک و ئەزموونیش بەهەند وەربگیرێت.
لە قۆناغی ئێستادا ژنان سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و رێکخراوەیین، کە نابێت نادیدە بگیرێن و وەک بابەتێکی سادە و ساکار سەیری رۆڵیان بکرێت، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان لەنێو ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بەپێویست دەزانرێت کە ئەزموون و توانا و شارەزایی و لێهاتوویی کادرە ژنەکان وەک سامانێکی پڕ بەتوانا و ئەزموون هەژمار بکرێن و نابێت پشتگوێبخرێن، بەڵکو پێویستە رێزیان لێ بگیرێت.
کەواتە گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕ لە دامەزراوەیی حزبی و رێکخراوەیی بۆ نوێکردنەوە و بوژاندنەوەی ئۆرگانەکان کارێکی ئاساییە، بەڵام نابێت دووبارە لە سفرەوە دەست پێبکرێت، بەمەرجێک بۆ سڕینەوەی ئەزموونی پێشووتر نەبێت، بەڵکو گرنگیی پلان و بەرنامەکە لەوەدایە کە ئەزموونی پێشوو و ئاوێتەکردنی لەگەڵ توانای نوێ و قۆناغی سەردەم لەگەڵ یەکتر کۆبکاتەوە، چونکە ئەو کادرە ژنانەی ساڵانێکی زۆرە خزمەتیان کردووە پڕ زانیاری و ئەزموون و شارەزاییان لە کایەی کاری سیاسی و رێکخراوەییدا هەیە، ئەو ئەزموونەی بەدەستیانهێناوە بەشێوەیەکی ئاسان بەدەست نەهاتووە، بەڵکو لە خوێندنگەی یەکێتیی پێگەیشتوون، بۆیە هەر پرۆسەیەکی چاکسازی و گۆڕانکاری لەناو دامەزراوە حزبی و سیاسییەکاندا پێویستە رۆڵی کادرانی ژنی خاوەن ئەزموون بەشێکی سەرەکی لەو چوارچێوەیە ببینرێت و دەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت بۆ گەشەپێدان و هەڵساندنەوەی ئۆرگانەکان و ئەرکیان بۆ دیاری بکرێت.
رێزگرتن لە خەبات و تێکۆشان و ئەزموونی ئەو کادرە ژنانە بەتایبەتی لەناوچە دابڕاوەکانی سنووری پارێزگای دیالە، نەک تەنها هەر بە ناوهێنانیان و پێدانی سوپاسنامەیەک، بەڵکو رێزی کرداریی پێویستە، بەپێدانی ئەرک و پاداشت لەپای ئەو تەمەنەی لەپێناوی حزب و گەل و نیشتمان بەڕێیان کردووە، ئەوەش بنیاتنانێکی گەشە بۆ ئایندەی کۆمەڵگەکەمان، کە ژن بتوانێت هاوبەشێکی راستەقینە بێت لە دروستکردنی بڕیار و رووداوەکاندا، بۆئەوەی نەکرێت بە کۆیلە و شوێنکەوتووی بەرپرسان، کەواتە ئەو ژنانەی لە رابردوودا بوونی خۆیان سەلماندووە، لەم قۆناغەدا شایستەی ئەوەن هاوبەشێکی بنەڕەتیی بن لە دروستکردنی داهاتوویەکی گەش نەک پشتگوێبخرێن.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *