بەقەڵەمی ستران عەبدوڵا نوسراوە

گەڕانەوە بۆ ئەدەبیاتی مام جەلال گەڕانەوە بۆ جاران و نۆستالیژیای رابردوو نییە، بەڵکو چوون و هەنگاونانە بەرەو دواڕۆژی رووناکی یەکێتی و گەلەکەمان، چونکە لەو ئەدەبیاتەدا سەرۆک مام جەلال شیعر و شانامەی لەسەر رابردوو نەنوسیوە تا سۆزی رابردوومان لەلا بلاوێنێتەوە، بەڵکو مام جەلال بە باسی رابردووی خەبات و بگرە بە باسی رابردووی گەلەکەشمان مەبەستێتی بۆ داهاتوو هانمان بدات. شێوازی قسە و نووسین، گفتو و لەفزی بۆ جۆشدانی ئەمرۆ و سبەینێشمانە.
لەبەر ئەوە ئەدەبیاتی مام جەلال دەتوانێ و لە باریدایە تا پەنجا ساڵی تریش رێنوێنی خەبات و تێکۆشان بێت بۆ یەکێتیەکەی ئەمڕۆشمان. بۆ یەکێتییە سەرلەنوێ روو لە گەشەکردنەکەی دەورانی سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانیش.
لەم ماوەدا کە بۆ وردبوونەوە و دەوڵەمەندکردنی کۆر و باسەکانی کتێبی(ئەدەبیاتی مام، کلیلێک بۆ مام ناسی) ناوبەناو کتێب و نووسراوەکانی مام بەسەر دەکەمەوە، راستی هەمیشە دووپاتە دەبینمەوە کە مام جەلال هەموو مێژووی دەسپێکی خەباتی کوردایەتی پێشکەوتنخواز و یەکێتی نووسیووەتەوە. مام جەلال لەم گوتار و نووسینانەیدا وەک رێبەرایەتییەکەی بۆ یەکێتی و شۆڕشی نوێ، دەیسەلمێنێ لەم کایەشدا هەر خۆی مامۆستایە، هەر خۆی مامۆستای گێڕانەوەکانە.
ئەو پێش هەڤاڵەکانی لەو خەباتە دوور و درێژە، و لەگەڵیانیشدا، دەستپێشخەری کردووە لە باسکردنی مێژووی بەسەرهاتەکان. پێشقەدەمی ئازایەتی مام جەلال لە گێڕانەوە و لە لێکدانەوەی تانوپۆی رووداوەکاندا بێ نموونەیە و بە جورئەت و بە جەرگە. لەسەر هەمان ریتمی پێشتری سەرکردایەتی بۆ یەکێتی و شۆرشی نوێ ئاوا سەرکردایەتی گێڕانەوەکانیشی کردووە.
ئەگەر هەر کەسێک بۆ باسی نووسین و ئەزموون وەرگرتن سەر بەماڵی بەرهەمەکانی مام جەلالدا بکات، بۆی دەردەکەوێت جڵەوی ئەسڵی گێڕانەوەکان هەر لای خۆیەتی و ئەدەبیاتەکەی پڕ لە زانیاری و گێڕانەوەی وردە. راستێکەی نەیاری یەکێتی و نەیاری پڕۆژە ئازادیخوازەکەی ئەم رابەرە مەزنە، سەرەنجام دوای مام جەلال و یەکێتی کەوتوون. ئەسڵەن رەشنووس و شەڕە پشیلەی کتێبی ئەوان کاردانەوەیە و داکۆکی لاوازەکانە لە خۆیان و پاکانەیە لە بزری حیکایەتی سەروەری و رۆڵی کێماسیان لە ماجەرای کوردایەتی هاوچەرخدا.
ئێمە هەر ئەوەندەمان بەسە بچینەوە سەر سندوقەکانی یادەوەری یەکێتی و مینبەرەکانی کە ئەمڕۆ بەرهەمەکانی مام جەلالیان تێدایە. لەوەوە دەزانین مام جەلال، ئینجا خوێندکار و رەفیقەکانیشی لە شۆڕشی نوێ، لە چەندین کتێب و بەرهەمدا هەموو شتێکیان نووسیوەتەوە. جا وەک هەمیشە مام جەلال سەردەستەی کاروانی گوتنی راستییەکانە. لەوێش هەر خۆی مامۆستای گێڕانەوەیە.
هەمیشە ناچارم ئەوەش بڵێم باسکردن لە کەلتوری مام جەلال هەر بۆ وەفاداری نییە بەرامبەری، کە ئەوەش واجبە، بەڵکو پێش هەموو شتێک لەبەر خۆمانە، بۆ ئەوەیە لە دواڕۆژی نزیکدا گورگ نەمانخوات.
کێش دەیەوێ دەتوانم ناوی کتێبەکانی وەبیر بێنمەوە و تەشویقی بکەم بیخوێنێتەوە، یان ئاماژەی ناونیشانی دامەزراوەکانی بۆ بنێرم کە ئەو بەرهەمانەی تێدایە:
-مینبەری سایتی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
-مینبەری سایتی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال
-مینبەری سایتی بۆردی هۆشیاری لە مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری
-مینبەری سایتی مەڵبەندی دیراساتی گشتی
گێڕانەوەکانی مام ئەسڵە و هی یار و نەیاری تر سەدا و دەنگدانەوەیەکی لاوازی راشکاوی و ئازایەتی ئەدەبیاتی یەکێتییە کە لەکاتی خۆی و دەستبەجێ هەمووی درکاندووە. ئەسڵەن مێژووی نووسین بۆ کوردایەتی و لەسەر مێژووی کوردایەتی پیشە و وەستایەتی مام جەلال و خوێندکارەکانی مەدرەسەی شۆڕشی نوێیە.
ئەم قسانە بۆ ئەوە نییە نەوەکانی ئەمڕۆمان پاڵی لێ بدەنەوە و ئیتر بە بیانوی واوە کەسمان چەواشەکارییەکانی ئەمڕۆی نەیاران و بێ ویژدانان قاو نەدەین و لەسەری نەنووسین، بەڵکو بۆ دەستنیشانکردنی ئەسڵی مەسەلەکەیە. کە یەکێتێکەمان وەکو پڕ لەسەروەری کردارییە ئاواش پڕ لەسەروەری گێڕانەوەشە، روونە کە ئەولەویەتی دوو دەیەی قۆناغی دوایی بۆ خاتری کورد و کوردستان و تەبایی بوو، بە پێی پرەنسیبی پەرۆشی بۆ یەکێتی ریزەکان و دان بەخۆداگرتن و سپاردنی راستییەکان بە مێژوو بوو و لەبەر ئەوەش بووە کە مام لە کاتی خۆی هەمووی گێڕاوەتەوە و دەتوانن بڕۆنەوە لای سەرچاوەکان.
گوتەزایەک هەیە کە هەمیشە لە فەزای شانازییەکانی یەکێتیدا باسی دەکرێ کە سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی پێش قەدەم بوون بۆ نەبەردی و بۆ شەهید بوون. بەڵام
ڕاستێکەی ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ کتێبی باوکە دامەزرێنەرەکان و لەسەروی هەمووشیانەوە کتێبەکانی مام جەلال، دەزانین لەوێش هەر سەرکردەکان پێش قەدەم بوون لە نەبەردی گێڕانەوە و نەبەزی شایەتی و ئازایەتی دەربڕینی راستییەکان. بێ سڵکردنەوە لە نەیارانی ناوخۆیی و لە دوژمنانی دەرەکی گەلەکەمان. کەموکوڕی لە کەلتوری گێڕانەوەماندا نییە، کەموکوڕی لەوەیە خۆمان ناچینەوە سەری و بەسەری ناکەینەوە.
قووسووری لە کتێبەکانی دایک نییە. قوسووری لە خۆمانە، ئەگەر فەرامۆشی بکەین و بۆ قسەی ئەمڕۆمان و بۆ داکۆکی لە راستییەکان نەچینەوە سەر خەزینی بەرهەمەکان. قوسووری لە خۆمانە کە لە زڕەی زنجیری نووسینی نەیاران دڵمان دەلەرزێ و سەرەنجام جەڵەبی دەنووسین.



