ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیران لە هەولێر کرایەوە

ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیرانى سەر بە مەڵبەندى دیراساتى گشتى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە یەککاتدا لە (هەولێر و سلێمانى و گەرمیان)، خولى پەرەپێدانى کارى حزبى بۆ لێپرسراو و کۆمیتە نوێیەکانی سنورى مەڵبەندەکانى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرجەم شارو شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان دەستپێکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی8ی2026، لە ڕێورەسمى کردنەوەى خولەکە لە هەولێر، د. یوسف گۆران ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتی و لێپرسراوى مەڵبەندى دیراساتى گشتى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: خۆشبەختانە دواى 30 ساڵ ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیران لە هەولێر سەر بە مەڵبەندى دیراساتى گشتى یەکێتی کرایەوەو لە یەککاتیشدا هەر ئەمڕۆ لە (هەولێر و سلێمانى و گەرمیان)، خولى پەرەپێدانى کارى حزبى بۆ سەرجەم لێپرسراو کۆمیتە نوێیەکانی سنورى مەڵبەندەکانى یەکێتی دەستپێکردەوەو بۆ ماوەى سێ مانگ بەردەوام دەبێت و دەستپێکردنى خولەکانى پەرەپێدانى کارى حزبى یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانى یەکێتىی نیشتمانیى کوردستان بۆ نوێکردنەوەى هزرى کادیران لە ئۆرگان و ناوچە جیاجیاکانى کوردستان و ئاشناکردنیان بە نوێترین دیسپلین و کارى حزبى و ڕێکخراوەیی لەناو خەڵک و خزمەتکردن بە چین و توێژە جیاجیاکان.
سەبارەت بە کردنەوەى ئەکادیمیای پەروەردەو پەرەپێدانى کادیران لە هەولێر، د. یوسف گۆران ئاماژەی بەوەکرد، بە پشتیوانى تەواوى یەکێتی و پاڵپشتى قوباد تاڵەبانى توانیمان بەشێکى ئەکادیمیا لە هەولێر بکەینەوەو بیخەینە خزمەتى ئۆرگانە جیاجیاکانى یەکێتى لەو سنورەدا، چونکە هەمومان ئەو راستییە دەزانین لەسنورى هەولێر کادرى بە تواناو لێهاتومان هەیە و ئامادەن خزمەت پێشکەش بکەن، بە تایبەتیش دواى گۆڕانکاری لە ئۆرگانەکان پێویستە گۆڕانکارى لە پەروەردەى حزب و کادریش بکەین و ژیانى حزبیمان هەمیشە زیندوبێت بە ئاڵوگۆڕى زانیارى و راى جیاواز و خزمەتکردن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، خولی پەرەپێدانی کاری حزبی لە چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیجی ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیرانی مەڵبەندی دیراساتی گشتی بەرنامەیەکی تۆکمەی بۆ دانراوە و لە قۆناغی یەکەمدا سێ مانگ دەخایەنێت و لە یەککاتدا سەرجەم لێپرسراو و کۆمیتەکان لە خولەکاندا بەشدارن.











