قەیرانی دارایی عێراق؛ 21 تریلیۆن دینار کورتهێنان لە شەش مانگدا

- عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا ڕووبەڕووی کورتهێنانی دارایی بە بڕی 21.2 تریلیۆن دینار بووەتەوە.
- تەنیا لە مانگی حوزەیراندا 8.2 تریلیۆن دینار کورتهێنان هەبووە، کە بەرزترین ئاستە لەمساڵدا.
- خەرجییەکانی بەکاربردن و مووچە 95%ـی کۆی بودجەی عێراق پێکدەهێنن و کەرتی وەبەرهێنان پەراوێز خراوە.
- داهاتی نەوت بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و سنوورداربوونی فرۆشتن بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە.
دەریدەخەن دۆخی دارایی عێراق گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار؛ بە جۆرێک تەنیا لە مانگی حوزەیراندا زیاتر لە 8 تریلیۆن دینار کورتهێنان تۆمارکراوە و داخستنی گەرووی هورمزیش هەناردەی نەوتی بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە بۆ ماوەی دوو هەفتە.
داهات و کورتهێنانی مانگی حوزەیران:
- داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیراندا تەنیا 1.2 تریلیۆن دینار بووە.
- داهاتی نانەوتی لە هەمان مانگدا 962 ملیار دینار بووە.
- کۆی خەرجییەکانی مانگەکە 10.4 تریلیۆن دینار بووە، کە بووەتە هۆی 8.2 تریلیۆن دینار کورتهێنان.
- ئەم بڕە زۆرترین کورتهێنانە بەراورد بە 5 مانگی پێشوو کە بەیەکەوە 13 تریلیۆن دینار بووە.
داتاکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵ:
کۆی گشتیی داهاتی عێراق لە شەش مانگی یەکەمدا 35.9 تریلیۆن دینار بووە، کە 80%ـی لە نەوت و 20%ـی لە سەرچاوە نانەوتییەکانەوە بووە. لە بەرامبەردا، خەرجییەکان گەیشتوونەتە 57.1 تریلیۆن دینار، کە 54.6 تریلیۆن دیناری بۆ مووچە و خەرجیی ڕۆژانە ڕۆیشتووە و تەنیا 2.5 تریلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان تەرخان کراوە. ئەمەش کورتهێنانێکی گشتی بە بڕی 21.2 تریلیۆن دینار دروست کردووە کە دەکاتە 37%ـی کۆی خەرجییەکان.
پەیوەندییە داراییەکانی هەرێم و بەغداد:
لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا، حکومەتی فیدراڵ بڕی 6.2 تریلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە. لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 573 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتیی فیدراڵی بە نەختینە خستووەتە سەر هەژماری بانکیی عێراق.
زانیاری لەسەر پێکهاتەی داهات:
بەهۆی پاشەکشەی فرۆشتنی نەوتەوە، پشکی داهاتی نانەوتی لە 12%ـەوە بۆ 20% بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەمە بە واتای زیادبوونی داهاتی نانەوتی نایەت، بەڵکو بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوتەوەیە کە پێشتر 88%ـی بودجەی پێکدەهێنا. ئەم ناسەقامگیرییە داراییە وایکردووە عێراق نەتوانێت لە وادەی دیاریکراودا شایستە داراییەکانی مووچەخۆران دابین بکات




