بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

شەڕی زەنگەكە، شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەی قارەمان

هاوینی گەرم و تاقەتپڕوكێنی مانگی ئابی ساڵی 1981 پۆلێك پێشمەرگەی قارەمانی كەرتی سێی تیپی 51ی گەرمیان، بە ناوەكانی (ئەحمەد وەلی رەمەزان – ئەحمەد چاوشین، حەمید عەلی حەسەن – حەمیدە بچكۆل، كەریم ساڵح – كەریم تایشەیی، شێخ ئومێد شێخ مەحمودی شاكەل، نەبەردی حەمەی مینا، سەلام ئەبوشوارب، عەباس رەشید – عەباسە رەش، محەمەد قادر عەلی حەمەی سەلەڕەش، عەلی لەتیف – عەلی چاوجوان، عومەر ئەحمەد – عومەر سەنگەری) دەگەنە گوندی (زەنگەكە)ی سەر بە شارۆچكەی پێباز، بۆ حەسانەوە دابەشی سەر ماڵە جووتیار و كوردپەروەرەكانی گوند دەبن.
بەرەبەیانی رۆژی 18/8/1981 نۆ پێشمەرگە لە دەنگی تەقە و بانگەبانگی ئەحمەد چاوشینی فەرماندەی مەفرەزەكەدا بەئاگادێنەوە و رادەپەڕن و هەریەكە و رووەو شوێنێك و سەنگەر و پەناگەیەك دەڕۆن، بەر پەلاماری رەوە جاشی رژێم دەكەون و دەستدرێژیی گوللـەیان لێدەكرێت، هەر لە سەرەتادا لە كاتی رۆشتنە دەرەوە لە گوندەكە سێ پێشمەرگەی مەفرەزەكە بە ناوەكانی (حەمیدە بچكۆل، شەهید كەریم تایشەیی، شێخ ئومێد شێخ مەحمودی شاكەل) برینداردەبن.
دوای بەریەككەوتن و پێكدادان هەردوولا كاتێك بەتەواویی رۆژدەبێتەوە، جاشەكان وەك هەمیشە دەشكێن و پاشەكشەدەكەن پەنادەبەنەوە بەر هێنانی پاڵپشتی و هێزی زیاتری سوپا و سەربازی رژێم، بە نۆ ناقیلە و مودەڕەعە و هێزێكی زۆری سەربازیی و چەك و جبەخانەی قورس بۆ نیوەڕۆی هەمان رۆژ دەگەنەوە سنوورەكانی گوندی زەنگەكە و حەمەی قادر، هەر بەرەبەیان و لەگەڵ بیستنی دەنگی ئەوەڵ تەقەی جاشدا، هەواڵ دەگاتە گوندەكانیتری دەوروبەر و هەموو ئەو كەسانەی هەواڵی شەڕەكەیان دەگاتێ بە حەماسەتی شۆڕشگێڕانە و هاوڕێیانەوە بە جۆشوخرۆشەوە خۆیان دەگەیەننە شەڕگەی پیرۆزی كوردایەتی.
(مامۆستا عەلی پەرلەمان، ساڵح رۆستەم – مام ساڵح گۆڕیئەسپی، لالەمارف، ئەحمەد عەبدوڵڵا قادر- ئەحە ریشە، حارس فەتاح، عەدنانی حەمەی مینا، حسێن محەمەد- حسە ژێرسێ، رەشید عەول محەمەد – مامەڕەشە، ساڵح سەی مەحمویی – فەیز، مەجید محەمەد رەحمان – باوەنووری، مەجید كەریم رەزا- مەجید تێقاف، ساڵح كانیپەموویی، سمایل عەبدولمحەمەد – سمایل عەترە، حەمەی گەردە، حسێن خەلیفە قادر، نەوزاد عەبدوڵڵا، ئیسماعیل حسێن – سمایل عەلیانی، نوری – هیوا بچكۆل، حەمید حەمەفەرەج، كوشندە فەخرەدین شێخلەنگەری، جەوهەر عەبدوڵا – كارێزەیی، ستاری حاجی ساڵحی شۆراوە)، لە گوندی (كانیچایلە) و (میلان) دەبن و هەواڵی شەڕ و گەمارۆی هاوڕێكانیان پێدەگات بەپەلە بەڕێدەكەون و بەشێكیان بەڕێكەوت ئۆتۆمبێلێكی پیكابی (حەمە جەمیلی حاجی ئەحمەدی گەرمك)یان دەستگیردەبێت و سەردەكەون، بەشێكی دیكەی پێشمەرگە و فەرماندەكان بە تراكتۆر بەڕێدەكەون.
ئەو پێشمەرگانەی بە پیكابەكە بە فەرماندەی عەدنانی حەمەی مینا زووتر دەگەنەجێ و هەر بەئۆتۆمبێلەكەوە دەكەونە بەر ئاگری چەكی دوژمن و دەكەونە بۆسەوە، دەستبەجێ حەمیدی حەمەفەرەج كە تازە دەبێتە فەرماندەی مەفرەزە برینداردەبێت، دواتر رۆحی پاكی دەسپێرێت. كوشندە فەخرەدین شێخلەنگەری و جەوهەر كارێزەیش دەگەنە كاروانی نەمران.. تاكە چەكی جۆری (RBG) تیپی 51ی گەرمیان لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكەدا دەگیرێت و شۆفێرەكەیش بەڕێكەوت رزگاری دەبێت. ئەوان تووشی ئەو تێكەوتن و تێكڕژانە دەبن، بەڵام ئەو پێشمەرگانەیتر كە بە تراكتۆرەكە دەگەنە نزیك شەڕگە و بە پێ و بە بەرنامەتر نزیكدەبنەوە و لەسەر بەرزایی و گرد و گردۆڵكەكانی بەرانبەر شەڕەكە دەست بە تەقەكردن دەكەن، ئیتر دوژمن شپرزدەبێت و ورەی پێشمەرگە بەرزدەبێتەوە و تا راونان و كۆتایی شەڕ، دوورخستنەوەی تەرمی پیرۆزی شەهیدەكان و گواستنەوەی بریندارەكانی شەڕ تا ئێوارەی هەمان رۆژ درێژەدەكێشێت…
دواتر ناشتنیان لە گۆڕستانی ئیمامی عەلی لە نزیك گوندی رۆسەی شامار. لەو شەڕەدا ئەگەرچی هێزی پێشمەرگە زیانی گیانیی سێ شەهید و سێ بریندار دەبێت، بەڵام هێزەكانی رژێمیش ئەفسەرێكی ئیستخبارات و پێنج سەربازیان لێدەكوژرێت، هەر ئەو رۆژە خەڵكی گوندەكەش بەر پەلامار و سووكایەتی جاش و سەرباز دەكەون و چەند كەسێكیان تووشی ئازار و لێدان دەبن.
سەرچاوە: کتێبی لالەمارف فەرماندەیەکی  بەئەمەک، حسێن عەزیز، ل ٥۱.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *