لیژنەی دارایی پەرلەمان: ئامادەکارییەکان بۆ بودجەی ٢٠٢٧ دەستیان پێکردووە

لیژنەی دارایی پەرلەمان: ئامادەکارییەکان بۆ بودجەی ٢٠٢٧ دەستیان پێکردووە و یاسای قەرزکردن تێپەڕێنرێت
وەزارەتی دارایی عێراق لە هەنگاوێکی زوودا پرۆسەی ئامادەکردن و داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی وڵاتی بۆ ساڵی ٢٠٢٧ دەستپێکرد، بە مەبەستی ڕێکخستنی دارایی و دارشتنی هێڵە گشتییەکانی خەرجی و داهاتەکانی وڵات بۆ ساڵانی داهاتوو.
لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بەم پرۆسەیە، ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، کە تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی دەستیان بە دارشتنی ڕەشنووسی اولیه بۆ بودجەی ٢٠٢٧ کردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد لە پاڵ ئامادەکارییەکانی بودجەدا، پرسی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە ڕێگەی یاساییەوە هەنگاوی بەرچاوی بڕیوە، بە جۆرێک ڕێککەوتنی تەواو لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا کراوە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بەخشین و قەرزکردن.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، پڕۆژەیاسای بەخشین و قەرزکردن لە دانیشتنەکانی هەفتەی داهاتوودا بە فەرمی دەخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ئەنجام دەدرێت، تاوەکو ڕێگەی یاسایی بۆ حکومەت خۆش بکات بە مەبەستی دابینکردنی سیولەی پێویست بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و شایستە داراییەکان.



