نەخۆشخانەی رزگاری: لە مانگی حەوتدا 99 حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشك و 49 حاڵەتی گەستنی سەگ هەبووە

نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێركاری بڵاوی كردەوە، لە مانگی حەوتدا پێشوازیی 246 حاڵەتی جیاوازی ڕووداوی هاتوچۆ، گەستنی سەگ و پێوەدانی مار و دووپشك كردووە.
نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێركاری ئاماری مانگی حەوتی بەشی پێشوازیی فریاكەوتنی بڵاو كردەوە و بەپێی ئامارەكە، لە ماوەی ئەو مانگەدا 246 حاڵەتی جیاواز گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكە كە پێكهاتوون لە ڕووداوی هاتوچۆ، گەستنی سەگ، پێوەدانی دووپشك و مار.
لە ئامارەكەی نەخۆشخانەی ڕزگاریدا هاتووە، لە ماوەی ئەو مانگەدا 99 حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشك تۆمار كراون، ئەوانیش دابەش بوون بەسەر 63 حاڵەتی پێوەدانی دووپشك و 36 حاڵەتی پێوەدانی مار، سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
نەخۆشخانەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، جگه لە پێوەدانی مار و دووپشك، 98 حاڵەتی ڕووداوی هاتوچۆ و 49 حاڵەتی گەستنی سەگ لە هەمان مانگدا لە بەشی پێشوازیی فریاكەوتن تۆمار كراون.



