ئەو شاکارانەی دوای ساڵانێک لە ونبوونیان، مەزنتر دەردەکەونەوە

گەوهەرە بەنرخەکان لەهەر سەردەمێکدا بێت و لەهەر جێگایەک، بەها راستەقینەکەی خۆیان لەدەست نادەن. روودەدات شوێنیان بگۆڕێت و بکەونە ناو زبڵ و کاڵا کۆن و بێ نرخەکانەوە و نرخێکی زۆرکەمیان لەسەر دابنرێت، بەڵام کاتێك لەژێر زبڵ و کاڵا کۆنەکان دەیانهێننە دەرەوە، مەزنی و ناوازەییان هاوشێوەی گەوهەرە بەنرخەکان هاوار دەکات، دوای سڕینی تەپوتۆزی چەندین ساڵە هەر ئەو گەوهەرە دەگمەنەیە کە بەهاکەی ناگۆڕێت، بە قەولی قەدیمان کابرای خاوەن کاڵا کۆنەکان «کاڵەك بە ئەژنۆ دەشکێنێت» کە چۆن گەوهەرێکی وای لەبەردەستدا بووە و پەی پێنەبردوە تەنانەت بە بەنرخکی هەرزان فرۆشتوویەتی!
مێژووی هونەری شێوەکاریی پڕە لەم جۆرە چیرۆکانە و بەردەوام دووبارە دەبنەوە، بەڵام بە ناونیشانی جیاواز و لە شوێنێکی دیکە. لێرەدا باسی چەند تابلۆیەك دەکەین کە لە رابردوودا لە لایەن هونەرمەندە مەزنەکانی جیهانەوە کێشکراون، بە هەر هۆکارێك بێت ئەم کارە هونەرییە ناوازانە کەوتونەتە گۆشەیەکی پەروێزخراوی ئەم جیهانەوە، خۆشبەختانە دوای چەندین ساڵ بەرچاو دەکەونەوە و دەدۆزرێنەوە، بەڵام بە بەهایەك زۆر لەو بەهایەی پێشترهەیانبووە دەفرۆشرێن. لە هەمووی سەرسوڕهێنەرتر ئەم کارە هونەرییانە زۆر جار لە خانوی ئاسایی، یان لە ژێرزەمینی ماڵەکان، یان لەناو کەلو پەلە کۆن و هەڕاجکراوەکاندا بوون. خاوەنی ئەم کەل و پەلانەش بێئگابوون لەوەی چ گەوهەرێکیان هەبووە.
چیرۆکی یەکەم: سەبارەت بە هونەرمەند رامبرانت-ە، تابلۆیەکی رامبرانت کە لە ساڵی1624 کێشاویەتی، ساڵانێك لە ژێرزەمینی خانوویەکی نیوجێرسی مابووەوە. کاتێك لە بازاڕی کاڵای کۆن بۆ فرۆشتن دانرابوو، نرخەکەی تەنیا (800-500) دۆلار بوو، بەڵام کە دوو بازرگانی بابەتی هونەریی خەڵکی پاریس، تابلۆکەیان ناسییەوە و ئاشکرایان کرد، نرخەکەی بەرز بووە بۆ (870,000)دۆلار، تابلۆکە ژنێك پیشان دەدات هەوڵدەدات گەنجێك تیمار بکات و بەهۆشخۆی بهێنێتەوە، لای راستی تابلۆکە لاوێکی رێكپۆش دەردەکەوێت کە بێهۆشە، وادیارە بەهۆی خوێنبەربوونەوە لەهۆشخۆی چووبێت، لای چەپی تابلۆکە پیاوێکی بەتەمەن دیارە کە لە رووخساریدا ترس و نیگەرانی بەدیدەکرێت. تابلۆکە بە رەنگی رۆنی کێشراوە لەسەر پارچە تەختەیەك بە ئەندازەی 21.5 17.7xسم، ئەم تابلۆیە سەرەتاییترین واژووی رامبرانت-ی لەسەرە.
چیرۆکی دووەم: سەبارەت بە پیتەر پاول رووبێنس)ە. تابلۆیەکی دیکە کە دۆزرایەوە تابلۆی هونەرمەند پیتر پاول رووبێنس بە ناوی “Massacre of the Innocents” واتا (کوشتاری بێ گوناهان)، لە تەمموزی2002دا لە Sotheby’s بە نرخی49.5 ملیۆن پاوەند (76.5 ملیۆن دۆلار) فرۆشرا، لەکاتێکدا پێشتر لە بازاڕێکی بچووکی کاڵای کۆندا نرخێکی زۆر کەمی لەسەربوو، بەو پێیەی ناسراو نەبوو.
مێژووی هونەری شێوەکاری پڕە لەم جۆرە چیرۆکانە و بەردەوام دووبارە دەبنەوە، بەڵام بە ناونیشانی جیاواز و لە شوێنێکی دیکە
تابلۆکە باس لە رووداوێکی ئایینیی دەکات لە کتێبی پیرۆزدا هەیە، کاتێك پاشا هیرۆدس فەرمانیدا هەموو منداڵانی ناوچەی (بیت لەحم) کە تەمەنیان خوار دوو ساڵە بکوژرێن، بۆ ئەوەی عیسای مەسیح لەنێویاندا بکوژرێت. لە مێژووی هونەردا ئەم بابەتە لە لایەن زۆرێك لە هونەرمەندانەوە کێشراوە، بەڵام ئۆرجیناڵەکەی، کە پیتەر پاول رووبێنس کێشابووی دواتردا بە 76 ملیۆن دۆلار فرۆشرا.
چیرۆکێکی دیکە کارێکی سیرامیكە بەناوی (ئەو شەوەی مێژوو گۆڕا)، کە لە11ی نۆڤەمبەری 2010، خوشك و برایەك ماڵی باوکیان پاكدەکردەوە، گۆزەیەکی سیرامیکی چینییان دۆزییەوە لە ماڵە ئاسایییەکەی Pinner لە لەندەن. هیچیان لێ نەزانی و شارەزاییەکی وایان نەبوو هەتا بزانن ئەو گۆزەیە چییە.
پسپۆڕی سیرامیك (Luan Grocholski) گۆزە سیرامیکەکەی بینی و پێی سەرسام بوو. پاش لێکۆڵینەوەیەکی زۆر نرخەکەیان لەنێوان 800,000 – 102 ملیۆن پاوەند خەمڵاند, هەر لە بازاڕی کەلوپەلی کۆنە، زیادکردنیان بۆ کرد لە 800,000 دۆلارەوە دەستپێکرد، پاش مامەڵەیەکی گەرم، گەشتە69.5 ملیۆن دۆلار، کە بە بەرزترین نرخی مێژوویی بۆ کاڵای کۆنی چینی دادەنرێت. لەگەڵ کۆمیسیۆنی زیادکردنەکە و باجەکەشدا کۆی گشتی (85.9) ملیۆن دۆلار بوو. کاتێک کۆمیسیۆن داوای کرد کڕیار بڕی پارەکە بدات، کڕیارەکە رەتیکردەوە و بەوجۆرە ماوەی دوو ساڵ لە زیادکردندا بەبێ ئەنجام دانرا.
لە کۆتاییدا تابلۆکە فرۆشرا بە کڕیارێکی دیکە کە لە ئەوروپای خۆرئاوا نیشتەجێ بوو، بە نرخی25 ملیۆن پاوەند واتە نزیکەی نیوەی نرخی خۆی بوو، ئەمەش یەکێکە لە سەرسووڕهێنەرترین چیرۆکەکانی مێژووی بازاڕی کاڵای کۆن کڕی.
ئەمانەی باسمانکرد تەنیا سێ نموونە و سێ چیرۆك بوون، بەڵام میژوو پڕە لەم جۆرە رووداوانە. رەنگە ئەمڕۆ ئەو تابلۆیەی هونەرمەندێك دەیکێشێت ئیدی ئەکادیمی بێت، یان نائەکادیمی بۆ ئەمڕۆ و بۆ ئەم ساتە لای مرۆڤەکان بە بایەخەوە سەیر نەکرێت، ئەمەش هیچ لە بەهای هونەر کەم ناکاتەوە، ئەگەرچی جێی نیگەرانیی هونەرمەندانیش بێت، چونــکە هونــەری
راستەقینە لە دوای ونبوونیشی بە بەهایەکی زیاترەوە دەردەکەوێتەوە.
هونەرمەندانی کوردستانیش بێبەش نین لەم جۆرە رووداوانە، ئەگەر پێمان وابێت لە ناو هونەرمەندانی کوردستاندا ئەم جۆرە چیرۆکانە رووینەداوە هەڵەین، بەڵام زۆربەیان ناکەونە بەرچاوی بینەر و میدیاکان، چونکە جوگرافیا و سەردەمەکەیان جیاوازە.
ئامانجی هونەرمەندان و هونەری راستەقینە ئەوەیە دوای چەندین سەدە و سەردەمی جیاوازیش هونەرەکەیان و پەیامەکەیان بە زیندوویی بمێنێتەوە، بێگومان هونەری راستەقینە لە هەموو سەردەمێکدا زیندووە.


