ژینگەی عیراق رووپێوی بۆ پڕۆژەی پاركی شەهیدان لە سلێمانی دەكات

تیمی تەكنیكی وەزارەتی ژینگەی عیراق دەستی كرد بە كارەكانی ڕووپێوی مەیدانی بۆ پرۆژەی “پاركی شەهیدان” لە شاری سلێمانی، وەك ئامادەكارییەك بۆ تەواوكردنی پێداویستییەكان و ڕاگەیاندنی وەك پارێزكراوێكی سروشتی، بەپێی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و وەزارەتی ژینگە.
وەك تەواوكارییەك بۆ دەرەنجامەكانی ئەو كۆبوونەوەیەی كە پێشتر لە شاری بەغداد لەنێوان شاندی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و وەزیری ژینگەی عیراق خاتوو سروە عەبدولواحید بەڕێوەچوو، لەپێناو جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی بەڕێزیان بۆ پشتگیریكردنی ئەو پرۆژە ژینگەییانەی كە دامەزراوەكە گرتوویەتیە ئەستۆ، تیمی تەكنیكی تایبەتمەند لە وەزارەتی ژینگەی عیراق دەستیان كرد بە كارەكانی ڕووپێوی مەیدانی بۆ ئەو زەوییەی كە تەرخانكراوە بۆ پرۆژەی “پاركی شەهیدان” لە پارێزگای سلێمانی.
ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ تەواوكردنی پێداویستییە تەكنیكی و ژینگەییە پێویستەكان بۆ ڕاگەیاندنی وەك پارێزكراوێكی (محمیە) سروشتی، دوای ئەوەی مەرج و پێوەرە پەسەندكراوەكانی تێدا بێت.
ئەم ڕێكارە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بەندەكانی ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنە دێت كە لەنێوان دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و وەزارەتی ژینگەدا واژۆ كراوە، هەروەها بەرجەستەكردنی ئەو هاوبەشییە دامەزراوەییەیە كە ئامانجی پاراستنی ژینگە، زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی و دروستكردنی و زیادكردنی ناوچەی سەوزایی، ئەمە كارێكی نیشتمانی و مرۆییە بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی شەهیدان و بەناوكردنیان، بە جۆرێك كە لەگەڵ ئامانجەكانی دامەزراوەكە بۆ چەسپاندنی بەهاكانی بەردەوامی و پاراستنی میراتی سروشتی بگونجێت.
تیمی تەكنیكی ڕاسپێردراو لە وەزارەتی ژینگە پێكهاتوون لە د. عادل عومران سەلمان، بەڕێوەبەری بەشی هەمەجۆری بایۆلۆژی و سیستمە ژینگەییە سروشتییەكان لە وەزارەتی ژینگە/ فەرمانگەی تەكنیكی و ئەندازیاری كشتوكاڵی پێشكەوتوو و محەمەد فازڵ عەبد، لێپرسراوی هۆبەی هەمەجۆری بایۆلۆژی و پارێزكراوە سروشتییەكان/ فەرمانگەی تەكنیكی و ئەندازیاری كشتوكاڵی وەلید خالید محەمەد، هۆبەی هەمەجۆری بایۆلۆژی و پارێزگراوە سروشتییەكان/ فەرمانگەی تەكنیكی.
لیژنەكە ئەركی ئەنجامدانی پشكنینی مەیدانی و ئامادەكردنی ڕاپۆرتی تەكنیكی تایبەتمەند بۆ هەڵسەنگاندنی شوێنەكە بەپێی ڕێنماییە ژینگەییە پەسەندكراوەكان دەگرێتە ئەستۆ، وەك ئامادەكاری بۆ تەواوكردنی ڕێكارە فەرمییەكان بۆ ڕاگەیاندنی ناوچەكە وەك پارێزكراوێكی سروشتی بە ناوی “پاركی شەهیدان”.
دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی سوپاس پێزانینی زۆری هەیە بۆ ئەو پاڵپشتییە گەورەیەی كە بەڕێز وەزیری ژینگە خاتوو سروە عەبدولواحید پێشكەشی دەكات، هەروەها بۆ هەوڵە پیشەییەكانی ستافی وەزارەت لە ئەنجامدانی ئەم پرۆژە ژینگەییە، كە هەنگاوێكی نیشتمانی گرنگە و تێیدا پاراستنی ژینگە، گەشەپێدانی بەردەوام و بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدان لە ناوچەیەكی ژینگەیی و مرۆییدا كۆدەكاتەوە كە شایستەی قوربانییەكانیان بێت.
پرۆژەی “پاركی شەهیدان” یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، كە ئامانجی دروستكردنی ناوچەیەكی سەوزایی و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی و بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدان لە ژینگەی ناوچەكەدا و سەروەتێكی گەورەیە بۆ نەوەكانی داهاتوو بۆ زانینی ناوی شەهیدان لەم پاركەدا لە دەروازەی شاری سلێمانی.




