تۆڕێكی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر بە 38 كگم كریستاڵەوە دەستگیركران
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ماددە هۆشبەرەكان، بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیركردنی تۆڕێكی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەرو دەستبەسەرداگرتنی 38 كیلۆگرام كریستاڵی راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لەوەزارەتی ناوخۆی عیراق، ئەمڕۆ 29ی 7ی 2026، دەستگیركردنی تۆڕێكی نێودەوڵەتیی قاچاغچییەتی و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان راگەیاند.
ئاماژەی بەوەشكرد: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لەپارێزگای سلێمانی، دەستیان بەسەر 38 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری كریستاڵدا گرت، هاوكات ئەندامانی تۆڕە نێودەوڵەتییەكەش دەستگیر كران.
ئەوەشی خستەڕوو: ئەم ئۆپراسیۆنە دوای هەوڵێكی هەواڵگریی وردو بەدواداچوونی مەیدانیی چڕ هات و توانرا دەست بەسەر ئەو ماددە هۆشبەرانەدا بگیرێت كە ئامادەكرابوون بۆ ئەوەی لەڕێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەرەوە رەوانەی یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ بكرێن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان، راشیگەیاندووە: ئەم ئۆپراسیۆنە ئاستی بەرزی هەماهەنگیی ئەمنیی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتییەكەو دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان نیشان دەدات، بە جۆرێك كە بەشدارە لەپووچەڵكردنەوەی پیلانی باندە تاوانكارییەكان.




