بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

شەهید حەمەغەفور ئاغجەلەری، سەركردەیەك لە رەگ و ناسنامەی خەڵكەوە

یـــەكێك لــــە پلانە هـــەرە ســـەركەوتوو و گونجـــاوەكــــــانـــی ســــــەركردایــــــەتیی یــەكێتیی نیشـــتمانیی كـــوردســـتان بـــــــــۆ ســـەرپێخســـتنەوەی شۆڕشـــی نــــوێ و دەســـتپێكردنەوەی خەباتی چەكداری كە دواتر بــووە مــــایەی پێشوازییەكی گەرم و كەمپێشینە لەلایەن كۆمەڵانی خەڵكەوە، دەستنیشانكردنی فەرماندە و كەسایەتیی هەڵبژاردە و خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی بوو.
گەرچی هەموو ئەو تێكۆشەرانەی لەو سەرەتا سەخت و دژوارەی شۆڕشی نوێدا دەستیان دایە چەكی بەرگریی، كەسانێكی شۆڕشگێڕ، گیانفیدا و ئازا بوون، بەڵام بۆ سەركردایەتی گرنگ بوو فەرماندەكانی پێشەوەی پێشمەرگە خاوەنی پێشینەیەكی پاك، ناوبانگێكی باش و خۆشەویست بن لەلای خەڵك. سەركردایەتیی شۆڕش زۆر ژیرانە بەرنامەی چوونە ناو خەڵكی لەڕێگەی ئەو كادرە نموونەییانەوە داڕشت، چونكە لەو سەردەمەدا كە هێشتا كۆمەڵگە؛ بەڕوونی ئاشنای ئامانجەكانی شۆڕشی نوێ نەبوو، بوونی ئەم فەرماندە ناسراوانە هێز و متمانەیەكی گەورەی بە شۆڕشەكە بەخشی.
شەهیدی سەركردە حەمەغەفور ئاغجەلەری، یەكێك بوو لەو فەرماندە ناوازانەی كە دەكرێت بڵێین رێك بۆ ئەو رۆژگارە سەختە خوڵقابوو و پێویستییەكی حەتمیی قۆناغەكە بوو. ئەو خاوەنی كەسایەتییەكی سەنگین، ئازایەتییەكی كەموێنە و هۆشیارییەكی بەرزی نیشتمانی بوو. پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە توندوتۆڵەكانی وایكردبوو لە سنووری هەر سێ پارێزگای كەركوك، سلێمانی و هەولێر لەلایەن خەڵكەوە بناسرێت و رێزی لێ بگیرێت، بەتایبەتی لە ناوچەكانی قەڵاسێوكە، چەمچەماڵ، عەسكەر، گۆپتەپە، كۆیە، بەشێكی دۆڵی جافایەتی، ناوچەی سورداش و چەندین شوێنی تر، رۆڵ و پێگەیەكی كاریزمایی هەبوو.
مێژوو ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە، كە شەهید حەمەغەفور بە سروشتی خۆی مرۆڤێكی گەورە بووە. لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكاندا هەمیشە خاوەن هەڵوێستی روون و ئەرێنی بووە و پێشمەرگە و فەرماندەیەكی دیاری شۆڕشی ئەیلول بووە. كۆی ئەم تایبەتمەندییانە وایانكرد ببێتە رەمزێك بۆ خەباتی نوێ و شۆڕشیش سوود لە توانا و ناوبانگەكەی وەربگرێت.
داخەكەم، تەمەنی پێشمەرگایەتی و فەرماندەیی ئەم رابەرە مەزنە لە كاروانی شۆڕشی نوێدا كورتخایەن بوو و تەنیا یەك ساڵی خایاند، چونكە دەستی رەشی غەدر و ناپاكی گەیەنرایە رێڕەوی ژیانی و كۆتایی بە خەباتە پڕ لە سەروەرییەكەی هێنرا. چەند خۆفرۆش و هەلپەرستێك، تەنیا لەپێناوی مشتە دراوێكی شەرمەزاركەر و دەستخۆشیی دوژمناندا، دەستیان بە خوێنی پاكی شەهید حەمەغەفور و هاوڕێكانی سوور كرد، بەڵام ناوی ئەوان بە نەمریی لە مێژوودا ماوەتەوە و ناوی بكوژانیشیان، بە رسوایی و ناپاكی.
شەهیدی سەركردە حەمەغەفور ئاغجەلەری، لەدایكبووی ساڵی 1939ی شارۆچكەی ئاغجەلەری پارێزگای كەركوكە و دەرچووی قۆناغی ناوەندییە.
لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولدا ساڵی 1961، بووە بە پێشمەرگە و دواتر دەبێتە فەرماندەی بەتالیۆن، هاوڕێ و جێگەی متمانەی شەهیدی سەركردە عەلی عەسكەری بوو، شەهیدبوونی كتوپڕی شەهید حەمەغەفور، كاریگەرییەكی دەروونیی هێندە قورسی كردە سەر شەهید عەلی عەسكەری، كە نەیدەتوانی بیشارێتەوە، تەنانەت لە نامەیەكدا بۆ خانەوادەی شەهید حەمەغەفور، نوسیبووی: «بڕبڕەی پشتم شكا».
ساڵی 1974 دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ، شەهید حەمەغەفور توانی بۆ ماوەی سێ رۆژ دەربەندی بازیان (رێگەی سەرەكیی كەركوك-سلێمانی) كۆنترۆڵ بكات، لەو نەبەردییەدا و بە سەركردایەتیی خۆی، فڕۆكەیەكی جەنگیی رژێم خرایە خوارەوە و دوژمن ناچار بە پاشەكشە كرا، بەشداریی چەندین شەڕی گەورەی تری كردووە.
دوای نسكۆی ساڵی 1975 روویكردە ئێران، ساڵی 1976 بۆ هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ گەڕایەوە كوردستان و بووە یەكێك لە دامەزرێنەرانی مەفرەزە سەرەتاییەكان، ئەندامی سەركردایەتیی بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان و فەرماندەی بەشێك لە هێزی پێشمەرگە بوو.
رژێمی بەعس هاوسەر و منداڵ و دایك و باوكی دەستگیركرد و بۆ ماوەی ساڵێك زیندانی كردن.
بەرەبەیانی رۆژی 23/7/1977، لە گوندی (كانیبی) كۆیە، بە پیلان و لەڕێگەی چەند خۆفرۆشێكەوە، خۆی و نۆ هاوسەنگەری شەهیدكران.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *