بەرپرسێکی دیکە بە تۆمەتی گەندەڵییەکی گەورە لە بەغداد دەستگیر کرا

دەستەی دەسپاکی فیدراڵی عیراق، دەستگیرکردنی بەرپرسێکی لە کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای بەغداد راگەیاند، بەهۆی تێوەگلانی لە دزینی کەلوپەلی کارەبایی کە بەهاکەیان نزیکەی چوار ملیار و نیو دینار دەبێت.
دەستەی دەسپاکی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە تیمێکی وردبینی و لێکۆڵینەوە سەردانی وەزارەتی کارەبایان کردووە.
دوای ئەنجامدانی وردبینی پێویست، دەرکەوتووە کە بەرپرسی کۆگاکانی سەر بە لقی دابەشکردنی رەسافە، دەستی بەسەر کۆمەڵێک کابڵـی کارەباییدا گرتووە کە بەهاکەیان دەگاتە چوار ملیار و 406 ملیۆن دینار.
دەستەکە روونیشی کردەوە: کە تۆمەتبارەکە بە هاوکاری دوو خاوەن ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ئەو کەلوپەلانەی دزیوە.
ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەر لە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی و پاڵپشت بە ئەحکامەکانی ماددەی (315) لە یاسای سزادانی عیراقی جێبەجێ کراوە.
هاوکات پەڕاوی دەستبەسەرداگرتنی یاسایی رێکخراوە و لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا ئاڕاستەی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراوە، ئەویش بڕیاری راگرتنی تۆمەتبارەکەی داوە تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان.




