ژمارە دووی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاوكرایەوە

کارتە سوتاوەکانی پارتی و واقعی هێزی یەکێتی…ئایا پارتی توانای تێگەشتنی لەیەکێتی و سەرکردەکانی هەیە؟

کارتە سوتاوەکانی پارتی و واقعی هێزی یەکێتی…
ئایا پارتی توانای تێگەشتنی لەیەکێتی و سەرکردەکانی هەیە؟
چەند تێبینییەکی سەرەتایی دەربارەی کاراکردنەوەی ( پەرلەمانی کوردستان) و گۆڕانکاریە گەورەکان و یارییە بچوکەکانی پارتی…

محمد چەمچەماڵی

یەکەم: بۆیە لەناو دووکەوانەدا پەرلەمانی کوردستانم نوسیوە، ئێستا ئەم پەرلەمانەو پێکهاتەکەی تەعبیر لە کوردستان ناکەن. بە کورتی ئەمە پەرلەمانێکە پارتی لەپێناو پیشاندانی قەناعەتە پەڕگیرەکانی خۆیدا کۆیکردونەتەوە! پەرلەمانێک هەرکات دژی خواستی پارتی جوڵایەوە وەک دووکان دەڕابەکەی دادەخات و هەرکاتیش لەگەڵ خواستی( باڵێکی ناوپارتیدا) یەکی گرتەوە، کارای دەکات! بەڵام کارای بێ کاریگەر!
دووەم: هەموو دەزگایەک لەدیدی پارتیدا تا ئەو ڕادەی خزمەت بەبەرژەوەندی خۆی بکات ( نیشتیمانیە!) نیشتیمانی بوون کاڵایەکە بەباڵای بەرژەوەندی تایبەتی پارتی دەدورێ، بەپێی سیاسەتی ڕۆژ!
سێیەم: دوانەی ( نیشتیمانپەروەری- خیانەت) لاستیکێکە نزیک 80 ساڵە پارتی بەپێی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ڕایدەکێشێ… لەم گەشتەدا هێنانی دەبابەش بۆسەر پەرلەمانی کوردستان نیشتیمان پەروەرییە!
چوارەم: ڕایەڵەکانی دروستکردنی بڕیار لەناوپارتیدا، پارچە پارچە بوون، پارتی توانای تێگەشتن و خوێندنەوەی واقعیانەی واقعی کوردستان و ناوچەکەو جیهانیشی بەدروستی نەماوە! پارتی تێناگات هەرێمی کوردستان دوای ڕیفراندۆم لەڕوی سیاسی و دیبلۆماسییەوە گەشتۆتە کوێ؟؟ تێناگات دۆخی پارتی لەدوای ڕیفراندۆم لەڕوی سیاسی و ئابورییەوە لە چی ئاستێکدایە؟ تێناگات کارتەکانی دەستی سوتاون! تێناگات لەکەیسی پارێزگاری کەرکوک، سەرۆککۆمار، دانانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێڕاق، چی بەسەر هەوڵەکانیدا هات و چی ئەنجامێکی لە سیاسەتی پەڕگیرانە وەرگرت..
پێنجەم: ئەرێ عاقڵێک نیە بڕیاربەدەستانی پارتی حاڵی کات، جەنابی کاک باڤڵ دبلۆماسیەتێکی واقعی لەسەر بنەمای هێزی واقعی یەکێتی ئەکات؟ کەسێک نیە ڕوونیکاتەوە، باڤڵ تاڵەبانی دبلۆماسیەتی ڕوون و ڕاشکاوە، توندو جەختکەرەوەیە، بەئاشکرا دەڵێ و بە ئاشکرا هەڵدەبژێرێ، دەزانێ تۆڕ دەخاتە کوێوەو چۆن ماسی ڕاوبکا!!
شەشەم: ئەگەر پارتی لەدبلۆماسیەت و هەوڵی بەردەوامی باڤڵ تاڵەبانی لەلایەک و سیاسەتی نەرم و هاوسەنگی قوباد تاڵەبانی بگەشتایە، دەیزانی سەردەمی فەرزکردنی هاوکێشەی سیاسی و ئەمنی بەزۆرەملێ و کەڵەگایی کۆتایی هاتووە!!
حەوتەم: گریمان یەکێتی دەستخۆشیتان لێدەکا، سەرچۆپی کاراکردنەوەی پارلەمانیش دەگرێ، بەڕاشکاویش فەرمووی دروستکردنی حکومەتتان لێبکات. هێشتاش دەبێ بپرسن، ئایا واقعی کوردستان، هاوکێشە هەرێمیەکان،یەکێتی نوێ، سیاسەت لەعێراق، بەرگەی ئەوە دەگرێ بەبێ یەکێتی و سەنگی مێژوویی و جوگرافی یەکێتی حکومەتێک دروست بکرێ؟؟
هەشتەم: خزمینە! باڤڵ تاڵەبانی جیاوازە، مەکۆیەکی جوڵاوی بەهێزە، ناتوانن هاوکێشەی تاکلایەنەی بەسەردا فەرز بکەن. ناتوانن بەهەوڵی دووفاقانە لەبەرامبەر ڕاشکاوییەکەیدا کارێکی گەورە بکەن، دەستکەوت و ئەنجام بگرن. هەر لەسەرەتاوە پێی وتوون، بائاشکراو بەڕوونی، سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتایی هات. یان هاوبەشی ڕاستەقینە یان هیچ. جارێکی دی یەکێتی نابێتە بەشداری پێکراو، یەکێتی خۆی لەبەرامبەر خەڵک و دەنگدەریدا شەرمەزار ناکات.
محمد چەمچەماڵی/ کادری یەکێتی

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close