لە گەرمیان دوو هەڵمەتی نیشتمانی بۆ روبەڕوبوونەوەی توندڕەویی و ماددەی هۆشبەر راگەیەندرا

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، رایدەگەیەنێت: بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، دوو هەڵمەتی نیشتمانییان لە گەرمیان بۆ نەهێشتنی مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر، نەهێشتنی هزری توندڕەوی ئەنجام داوەو سەرەڕای كەمبوونەوەی ئاماری ماددە هۆشبەرەكان لە ئەمساڵدا، بەڵام ژمارەی دەستگیركراوانی تێرۆر لە زیادبووندایە.
عەقید كارزان شێركۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە گەرمیان دوو هەڵمەتی نیشتمانییان بۆ نەهێشتنی مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر و نەهێشتنی هزری توندڕەوی و بەهێزكردنی پێكەوەژیانی ئاشتیانە ئەنجامداوە.
راشیگەیاند: ئەمساڵ ئاماری ماددەی هۆشبەر كەمی كردووە، بەڵام راگیراوانی تیرۆر زیادی كردووە، بەشێوەیەك لە ساڵی 2025 دا 248 راگیراوی تیرۆر هەبووە، بەڵام تەنها 10 مانگی ئەمساڵ 260 راگیراوی تیرۆر هەیە.
عەقید كارزان شێركۆ وتیشی: بەپێی پلانێكی تۆكمەی دەزگای ئاسایشی كوردستان، بووین بە قەڵغانی وڵاتان و ناهێڵین كوردستان ببێتە شوێنی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە.
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد: ئاماری كارو چالاكیی و پانێڵە زانستییەكان سەلمێنەری ئەوەن كە ئاسایشی هەرێم هەماهەنگیی تەواوی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عیراقدا هەیە.
جێی ئاماژەیە، هەڵمەتی نیشتمانیی نەهێشتنی مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر و نەهێشتنی هزری توندڕەوی و بەهێزكردنی پێكەوەژیانی ئاشتیانە بەهاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف، زانكۆی گەرمیان، زانكۆی پۆلیتەكنیكی گەرمیان، پەروەردەی گەرمیان و تەندروستی گەرمیان لە كەلار بەڕێوەدەچێت.



