ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

کاتێک بە هەر دوو دەست مۆبایلەکەت دەگریت

گەشەسەندنی میدیایی هاوکێشەیەکی ئاڵۆزە؛ گۆڕانکارییەکانی ناو ژینگەی میدیایی، کێبڕکێی و ململانێی مانەوە لە نێوان ئامرازەکان پرۆسەیەکی حەتمییە ولە زۆر ڕووەوە لە کێبڕکێی ژینگەی سروشتی دەچێت. لە ژینگەی میدیاییدا، هیچ ئامرازێک ناتوانێت سەربەخۆ بەردەوام بێت، بەڵکو لە پەیوەندییەکی کارلێکدایە لەگەڵ ئەوانەی دیکە؛ ئامرازەکان، لە لایەک سوود لە تایبەتمەندیی یەکتری وەردەگرن، لە لایەکی دیکەشەوە جێ بە یەکتری لێژ دەکەن. لە سەرەتای سەرهەڵدانیدا، بەهۆی کەمی تێگەیشتن لە تواناکانی تەلەفزیۆن وەک ئامرازێکی نوێ، ئەو بەرنامانەی تیایدا پەخشی دەکرا مۆرکی ڕادیۆییان پێوە دیار بوو؛ بەشێکی زۆر لە ژانر و فۆرماتی ڕادیۆیی گوازرانەوە بۆ سەر شاشەی تەلەفزیۆن، بەتایبەت بەرنامە گفتوگۆئامێزەکان. بەڵام لەبەر ئەوەی تەلەفزیۆن خاوەن تایبەتمەندییەکی “بینینسازی”یە، جۆرە هاوپەیمانییەکی پتەوی لەگەڵ شانۆ و سینەما کرد، کە لە بەرژەوەندیی ڕادیۆدا نەبوو. تەلەفزیۆن لە ڕووی ناوەڕۆکەوە خۆی لە ژێر هەژموونی ڕادیۆ قوتار کرد (هەرچەندە ئەمە بەپێی کەلتوور و وڵات دەگۆڕێت؛ بۆ نموونە تەلەفزیۆنی کوردی هێشتا ڕادیۆیەکی وێنەدارە و لە قۆناغی بەرنامەی ڕادیۆییدا چەقیوە، هەر کەناڵێکی کوردی بکەیتەوە دوو کەس قسە دەکەن(. بە هەمان شێوە لە سەرەتادا سۆشیال میدیا هیچ ناوەڕۆکێکی تایبەت بە خۆی نەبوو، بەڵکو پشتی بە تەلەفزیۆن دەبەست بۆ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک؛ بەڵام کاتێک زیاتر ڕووچووە ناو ژیانی خەڵکەوە بە تایبەتمەندیی کارلێک، ناوەڕۆکی کورتماوە و تەکنیکی خێراوە خۆی لە هەژموونی تەلەفزیۆن ڕزگار کرد. لەم نێوەندەدا تەلەفزیۆن، کەوتە نێوان دوو بەرداشەوە؛ لە لایەک لە هەوڵی پاراستنی تایبەتمەندیی خۆیدایە، لە لایەکی دیکەشەوە پەنا بۆ بەرجەستەکردنی تایبەتمەندیی سۆشیال میدیا دەبات بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ژینگەی نوێی میدیا. من مەبەستمە لەم وتارە کورتەدا، تیشک بخەمە سەر کەلتووری تەماشاکردنی میدیایی، کە بە هۆی ئەم ژینگە نويیەوە بە ئاراستەیەکی هێندە خێرادا دەچێت بە ئەندازەیەک مەودای سەرنجدانی مرۆڤ (Attention Span) هێندە کورت بووەتەوە لە سێ چرکە تێپەڕ ناکات. واتە ئەگەر لە ماوەی ئەو سێ چرکەیەدا، قوڵاپەکە کاری خۆی نەکات و سەرنجت ڕانەکێشێت، ئەوا (پەنجەگەورەی) دەست بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت و بە (سکرۆڵێک) پۆستەکە یان ڤیدیۆکە تێدەپەڕێنێت. لە مێژە ئەرکی پەنجەگەورە بڕیاردان بووە؛ جاران بۆ واژووکردن ، دەنگدان و بڕیاردان بەکاردەهێنرا، ئێستا لە پاڵ ئەوانەدا بۆ دیاریکردنی ڕێژەی وەرگر (Viewership) بەکاردێت. بەشێک لە میدیاکان لە ترسی پەنجەگەورەی بەکاربەر، پەنا بۆ جۆرەها ناوەڕۆکی زۆر ئاستنزم دەبەن کە لە مێژووی ڕاگەیاندندا وێنەی نەبووە. سەرەڕای ئەوەش، پەنجەگەورەکە زۆر جار دەسەڵات لەدەست دەدات و ئەو بەهایەی نامێنێت، بەتایبەت ئەو کاتەی بە هەردوو دەست مۆبایلەکەت دەگریت و تەماشای ناوەڕۆکێک دەکەیت کە لە بنەڕەتدا بۆ سۆشیال میدیا بەرهەم نەهێنراون، بەڵکو لە ڕەحمی میدیا کلاسیکییەکانی وەک تەلەفزیۆن و سینەماوە وەرگیراون؛ ئەو جۆرە ناوەڕۆکەی کە پێویستی بە تەماشاکردنێکی ورد و سەرنجدانی زیاتر هەیە. گۆڕینی ڕووی مۆبایلەکە تەنها گۆڕینی گۆشەیەک نییە، بەڵکو گۆڕینی کەلتووری تەماشاکردنە، گەڕانەوەی شکۆیە بۆ چاو لە سەردەمێکدا کە پەنجەگەورە حوکمی مێشک دەکات. کاتێک مۆبایلەکەت بە ئاسۆیی (Horizontal) دەگریت، ‘دەسەڵاتی پەنجەگەورە’ کۆتایی دێت و ‘سەرنجی قووڵ’ دەست پێ دەکات. بینەر بڕیار دەدات کە ئەوەی دەیبینێت چیتر تەنها ڤیدیۆ یان پۆستێکی سەرپێیی نییە، بەڵکو بەرهەمێکە شایستەی سەرنجی زیاترە. کاتێک مۆبایل بە ئاسۆیی دەگریت، دان بەوەدا دەنێین کە بۆ بینینی ناوەڕۆکێکی قووڵ و شایستە، هەر دەبێت بگەڕێینەوە بۆ میدیا ڕەسەنەکانی پێش مۆبایل، بەتایبەت لەبەردەم گەورەیی و سەروەریی سینەمادا کڕنۆش ببات.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *