بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

لە سەنگەری نیشتمانپەروەرییەوە بۆ خەباتی ڕووناکبیری

لە سەنگەری نیشتمانپەروەرییەوە بۆ خەباتی ڕووناکبیری

شەهیدی سەرکردە شەوکەتی حاجی مشیر، یەکێکە لەو شۆرشگێرە دەگمەنانەی کە توانی لە یەک کاتدا چەکی پێشمەرگایەتی و قەڵەمی ڕووناکبیری هەڵبگرێت. ئەو تەنها فەرماندەیەکی سەربازی نەبوو کە ژیانی خۆی و خێزانەکەی ببەخشێتە نیشتمان، بەڵکو کەسایەتییەکی فیکری و ڕێکخراوەیی بوو کە باوەڕی قووڵی بە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و کلتووری هەبوو.

شەهید شەوکەت ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری سەنتەری ڕووناکبیری ئێل بەگی جافە لە ساڵی ٢٠٠٠٢، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو پێی وابووە خەباتی چەکداری و پەرلەمانتاری دەبێت بە خەباتی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی تاجدار بکرێت.

پوختەیەک لە ژیان و خەباتی ئەم سەرکردە و ڕووناکبیرە کوڕی حاجی مشیری محەمەدی حاجی مەحمودی یاروەیسی جافە. دایکی ناوی فەهیمە کچی شێخ تائبی شێخ عومەری بیارەیە. لە ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی (گردی سەفا) لە دەشتی شارەزوور، سەرەتاکانی فێربوونی بە خوێندنی قورئانی پیرۆز لە حوجرەی مزگەوتی گوندەکەیان دەستپێکردووە. پاشان لە ساڵی ١٩٥٦ چووەتە قوتابخانە و قۆناغەکانی سەرەتایی لە (خورماڵ و سیروان) و ناوەندی لە (هەڵەبجە و خانەقین) تەواو کردووە.

شەهید شەوکەت هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە تێکەڵ بە خەباتی نەتەوەیی بوو.

دەستپێکی شۆڕش: لە ئەیلولی ١٩٦١، بەشداری لەو کۆبوونەوە گەورەیەدا کرد لە گوندەکەیان بە سەرپەرشتی (مام جەلال)، کە بووە خاڵی دەستپێکی شۆڕشی ئەیلول. لە کۆتایی ١٩٦٨دا وازی لە خوێندن هێنا و بەتەواوی ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ پێشمەرگایەتی و بووە لێپرسراوی کارگێڕیی بەتالیۆنی هەڵەبجە، و دواتریش جێگری فەرماندەی بەتالیۆنی پێباز لە گەرمیان.

لە حوزەیرانی ١٩٧٦، لەگەڵ ٦ هاوڕێیدا یەکەم مەفرەزەی چەکداری شۆڕشی نوێی (ی.ن.ک)یان لە گردی سەفا پێکهێنا. ڕۆڵی کارای هەبوو لە یەکەم شەڕی دەستەویەخەی گوندی قاینەیجە.

باجی نیشتمانپەروەری: لە تشرینی یەکەمی ١٩٧٦، ڕژێمی بەعس لە تۆڵەی خەباتەکەی، باوکی و خێزانەکەی (دڵستان خان) و هەردوو کوڕەکەی (ئارام و ئالان) دەستگیر دەکات و ڕەوانەی زیندانی ناسریەیان دەکات. تەنانەت کوڕی سێیەمیان لە ناو زینداندا لەدایک دەبێت و ناوی دەنێن (ئەسیر)، ئەمەش لوتکەی قوربانیدانی خێزانەکەیەتی لەپێناو خاکدا.

لە ماوەی خەباتیدا، چەندین پۆست و ئەرکی هەستیاری بینیوە، لەوانە:
١٩٨٠ – ١٩٨١: فەرماندەی هەرێمی ٩ی بەمۆ و پاشان فەرماندەی تیپی ١١ی هەورامان.

١٩٨٣ – ١٩٨٦: ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی شۆڕشگێڕان، لێپرسراوی سەربازی مەڵبەندی ٤ی هەولێر، مەڵبەندی ٢ لە دۆڵی جافایەتی، و مەڵبەندی ١ی قەرەداغ و گەرمیان.

١٩٨٧ – ١٩٨٨: لێپرسراوی پەیوەندییەکانی یەکێتی و ئێران لە کرماشان، و بەرپرسی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی هەڵەبجە لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە.

١٩٩١: ئەندامی لیژنەی سەرکردایەتی ئازادکردنی کەرکوک، سەرپەرشتیاری ئازادکردنی فەیلەقی ١، لێپرسراوی مەڵبەندی ٤ی بادینان، و فەرماندەی لەشکری هەولێر.

١٩٩٢ – ١٩٩٦: ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، لێپرسراوی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمان، و ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگە.

لایەنی ڕووناکبیری و داهێنانی فیکری
وەک دامەزرێنەرێکی سەنتەری ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی جاف، شەهید شەوکەت باوەڕی وابوو کە مێژوو دەبێت بنووسرێتەوە و کلتوور دەبێت بپارێزرێت. ئەو خاوەنی سێ کتێبی بەنرخە کە خزمەتێکی گەورەن بە کتێبخانەی کوردی:

  1. (کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە)
  2. (چیوەرۆ، دەروازەیەک بەرەو کەرکوک)
  3. (پەندی پێشینان)
    لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چەندین وتار و شیعری نیشتمانی و کۆمەڵایەتی کە ڕەنگدانەوەی هۆشیاریی فیکری و کۆمەڵایەتی ئەو بوون.

شەهیدبوون لە پێناو ئاشتەواییدا
کۆتایی ژیانی ئەم سەرکردەیە بە قوربانیدانێک بوو بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی. لە شەوی ٨ی شوباتی ٢٠٠٣، کاتێک بۆ کۆبوونەوەیەکی ئاشتەوایی و مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخی شەرووکوشتار چووبووە گوندی (گامێش تەپە)ی شارەزوور، نامەردانە خیانەتیان لێکرا و شەهید کرا.

بەشداریی شەهید شەوکەتی حاجی مشیر لە دەستەی دامەزرێنەری سەنتەری جاف، میراتێکی گەورەیە بۆ سەنتەرەکە. ئەو سەلماندی کە گەورەیی مرۆڤ لەوەدایە چەکەکەی بۆ پاراستنی نیشتمان بێت، قەڵەمەکەشی بۆ ڕۆشنبیرکردنی گەلەکەی و چەسپاندنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بێت.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *